نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات 27 هەزار منداڵی نیشتەجێی کەمپی هۆل وەربگرنەوە
K24 - هەولێر
نهتهوه یهكگرتووهكان داوا لە وڵاتان دەکات نزیكهی 27 ههزار منداڵی نیشتەجێی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان وەربگرنەوە، کە بەشی زۆریان منداڵی چەکدارانی داعشن، ئەو چەکدارانەی رۆژانێک شار و شارۆچکە و خاکی فراوانیان بەدەستەوە بوو.
ڤلادمیر ئیڤانۆڤیچ ڤۆرۆنکۆڤ، هەماهەنگیکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دژایەتی تیرۆر لە کۆبوونەوەیەکی نافەرمیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، رۆژی هەیینی (29-1-2021) گوتی "رەوشەکە تۆقێنەرە بۆ منداڵانی نیشتەجێی کەمپی هۆل، ئەمە یەکێکە لە کەیسە هەرە پێویستەکان کە کاری لەسەربکرێت".
ڤۆرۆنکۆڤ، رایگەیاند منداڵەکان ژمارەیان 27 هەزار دەبێت، "هێشتا لەو کەمپە گیریان خواردووە و لەو چارەنووسە جێهێڵراون و ترسی ئەوەیان لەسەر هەیە لەنێو کەمپەکە بکەونە ژێر کاریگەریی توندڕەوی".
کەمپی هۆل دەکەوێتە حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان و یەکێکە لە گەورەترین کەمپەکان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئێستاش بەپێی گوتەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 62 هەزار کەسی لێ دەژی.
ژنان و منداڵان، زۆرترین پێکهاتەی ئەو کەمپەن و 80٪ـی دانیشتووانی کەمپەکە پێکدەهێنن.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ئەرکی ئەو منداڵانە دەکەوێتە سەر وڵاتەکانیان کە ژمارەیان 60 وڵات دەبێت، نەوەک سووریا و ئەو گرووپانەی پارێزگاری لە کەمپەکە دەکەن.
چەند وڵاتێک لەوانە؛ رووسیا و کازاغستان کە نوێنەرانیان بەشداری کۆبوونەوە ئۆنلاینەکە بوون، بەگوتەی ڤۆرۆنکۆڤ نزیکەی هەزار منداڵ و خێزانەکانیان گەڕاندوونەتەوە وڵاتەکانیان.
هەروەها گوتی "دەبێت منداڵەکان وەکو قوربانی سەیر بکرین، ئەوانەی تەمەنیان لە 14 ساڵ بچووکترە، دەستبەسەر نەکرێن و دادگایی نەکرێن".
هـ.ر.