داعش بە چەند خۆکوژێک هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی رومادی

"هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراو و برینداریان هەیە"

K24-هەولێر

فەرماندەی هێزەکانی حەشدی هۆزەکانی سوننە لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق رایگەیاند هێزە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە شکستیان بە هێرشێکی داعش هێنا بۆ سەر ناوچەیەکی باکووری شاری رومادی، کە خۆکوژەکانی داعش بە سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو ئەنجامیان دا.

فەرماندەی چەکدارانی حەشدی هۆزەکان لە باکووری رومادی غەسان ئەلعیساوی بە مەدا پرێسی رایگەیاند: "هێزە هاوبەشەکان بەیانی ئەمڕۆ توانیان شکست بە هێرشیکی چەکدارانی داعش بهێنن کە بە رێگەی سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو و سێ خۆکوژ ئەنجامیدا و هەوڵی بەئامانجکردنی گردبوونەوەیەکی هێزە ئەمنییەکانی دا لە ناوچەی ئالبوعیسە (16 کم باکووری رومادی)، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژکراوەکانیان تەقاندەوە پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان و دەرئەنجام ئۆتۆمبێلەکان تێکشکان و خۆکوژەکانیش کوژران".

ئەمە لە کاتێکدایە هێزە ئەمنییەکانی عێراق کۆتایی ساڵی 2015 شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنباریان (نزیکەی 100 کم رۆژئاوای بەغدا) لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد، بەڵام هێشتا چەند شارێکی پارێزگای ئەنبار لە بندەستی داعشدا ماونەتەوە و شەڕ لەوێ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و داعش بەردەوامە.

ئا: ئا ، ف