نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد

سەنتەرێکی ئەمریکی پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 76 دۆلار

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد و دوای ئەوەی نرخی بەرمیلێکی باشترین جۆری نەوت لە جیهان گەیشتە نزیکەی 48 دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی بۆرسەی جیهانیی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی جیهان گەیشتە 47.9 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکا گەیشتە 46.6 دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی خاو لە جیهان بەرزترین ئاستی تۆمار کرد لە ساڵی 2016 و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە نزیکەی 50 دۆلار.

هاوکات بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز سەنتەری سەرپەرشتیکردنی زانیاریی لە ئەمریکا رایگەیاند ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە رێژەی 3.4 ملیۆن بەرمیل کەمیکرد و گەیشتە 540 ملیۆن بەرمیل، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان.

سەنتەری سەرپەرشتیکردنی زانیاریی لە ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنت لە ساڵی 2017 بگاتە 76 دۆلار بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە نرخی نەوت رووی لە دابەزین بوو تا نرخی بەرمیلێکی نەوتی جۆری برێنت گەیشتە نزیکەی 27 دۆلار، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت کە پشت بە داهاتی نەوتەوە دەبەستن وەک سعوودییە و عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئا: ئا ، ف