عێراق 100 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا تەرخان کرد

ئەو جۆرە ڤاکسینەی کۆرۆنای پێدەکڕدرێت، کە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی دەکات
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق

K24 - هەولێر

دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند ئەنجوومەنی وەزیران بڕی 100 ملیۆن دۆلاری لە ئەژماری بانکی ناوەندی بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا تەرخانکرد.

بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31-1-2021)ـی دیوانی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو بڕە پارەیە ئەو جۆرە ڤاکسینەی کۆرۆنای پێدەکڕدرێت، کە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی دەکات.

لە راگەیەندراوەکە هەروەها هاتووە "بڕیارەکە دوای ئەوە هات، کە وەزیری تەندروستی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 23-1-2021 خستیەڕوو".

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق و کۆمپانیای ئەسترازینکا رێککەوتوون لەسەر کڕینی دوو ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا.

وەزارەتەکە لە 29-1-2021 هۆشداری دا لە مەترسیی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەهۆی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکە، ئەو شەپۆلەی پەیوەندیی بە نەوەی نوێی کۆرۆنا بێت، کە بەپێی مەزەندەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق "ترسناکترە" لە شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا.

تائێستا لە عێراق 619 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 13 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 591 هەزاریشیان چاکبوونەتەوە.