رێوشوێنە ئەمنییەکان لە بەرامبەر جووتیارانی کورد، لە سنووری کەرکووک راگیران

لێژنە پەرلەمانییەکەی عێراق یەکەم راپۆرتی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد
دەقی راپۆرتی لیژنەکە
دەقی راپۆرتی لیژنەکە

K24 - کەرکووک

ئەو لیژنە پەرلەمانییەی بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک و قەزاکانی دوبز، داقووق و خورماتوو پێکهێنرابوو، یەکەم راپۆرتی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد، بەهۆیەوە رێوشوێنە ئەمنییەکان لەبەرامبەر جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک راگیران.

رێبوار تەها، ئەندامی لیژنەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، گرنگترین خاڵی راپۆرتەکە کۆتا خاڵییەتی، کە بەهۆیەوە سەرجەم رێوشوێنەکان لەبەرامبەر جووتیارانی کورد راگیراون و داوا لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کراوە، دەستوەردان لە کێشەی جووتیاران نەکەن، تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.

لیژنەکە هەروەها بڕیاریداوە بانگهێشتی راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراو و دەستەی تایبەت بە زەویوزارەکان لە وەزارەتی کشتووکاڵ و بەڕێوەبەری کشتووکاڵی کەرکووک بکات.

رێبوار تەها دەڵێ "کاری لیژنەکە هێشتا زۆری ماوە و پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ گەیشتن بە ئەنجام و یەکلاییکردنەوەی کێشەی زەویوزاری جووتیاران".

لەدوای 16 ئۆکتۆبەری 2017، عەرەبە هاوردەکان بۆ سنووری کەرکووک گەڕانەوە، ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک و خودی راکان جبووری و هێزە ئەمنییەکان پشتگیر و پاڵپشتیان بوون، بەو هۆیەوە جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک، قەزاکانی دووبز، داقووق و خوورماتوو هەراسان کرابوون. ئەوان بەشێکی زەوییە کشتووکاڵییەکانیان لە جووتیارانی کورد داگیرکرد، چاوی تەماحیان لە خانووی کورد لە پەڵکانە بڕی، جووتیارانی کوردیش چەندینجار رووبەڕوویان بوونەوە و پێکدادان لە چەند شوێنێک دروستبوو.

عەرەبە هاوردەکان بەچەک و پاڵپشتیی هێزی ئەمنی، جووتیارانی کوردیش بە دار و بەرد بەرامبەر یەکدی وەستان، کێشەکان رۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبوون و لە لێواری شەڕێکی گەورەدا بوون؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک هۆشداری لە دۆخەکە دا و پشتگیری بۆ جووتیارانی کورد دەربڕی، بەڕاشکاویش ئەو پەیامەی بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاند: ئەو بارودۆخە قبووڵ ناکەن.

دوای فشارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی 12 کەسی لە پەرلەمانی عێراق بە بڕیاری محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان لەهەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و کشتووکاڵ پێکهێنرا، کە پێنجیان نوێنەرانی کورد بوون.

28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، لیژنە پەرلەمانییەکەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکە سەردانی کەرکووکیان کرد. لیژنەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان کۆبوونەوە، نوێنەرانی جووتیارانی کورد و عەرەبە هاوردەکانیشیان بینی، جووتیارانی کورد بەڵگەی خاوەنداریێتی زەوییەکانیان پێشکەشی لیژنەکە کرد، چەندین بەڵگەنامەی ساختەی عەرەبە هاوردەکانیش ئاشکراکران، دوای نزیکەی مانگێک، لیژنە پەرلەمانییەکە یەکەم راپۆرتی خۆی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.