تەقەكانی ھێزەكانی كورد لە خۆپیشاندەرانی سەر بەرژێمی سووریا كوژاروێك و چەند بریندارێكی لێكەوتەوە

ھەردوو لا یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە سەپاندنی ئابڵوقە و باج بەسەر ناوچەكانی یەكتر
خۆپیشاندانی كەسانی سەر بەڕژێمی سووریا لە حەسەكە
خۆپیشاندانی كەسانی سەر بەڕژێمی سووریا لە حەسەكە

K24 – ھەولێر:

خۆپیشاندەرێك كوژرا و ژمارەكی دیكەش بریندار بوون لە میانی تەقەكردنی ھێزەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە خۆپیشاندەرانی سەر بە رژێمی سووریا لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا (رۆژئاڤایا كوردستان)، وەك ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی سووریا (سانا)  و روانگەی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایانگەیاندووە، ئەمە لە كاتێكدایە لەم ماوەیەدا گرژی لە نێوان ھەردوو لادا زیادیكردووە.

وێڕای چەند ساڵێكە ھەردوو لا بەیەكەوە ژیاون، بەڵام چەند ھەفتەیەكە گرژی كەوتووەتەوە نێوان ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە باكووری رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە و ھێزەكانی رژێمی سووریا، كە بوونێكی سنوورداری خۆی لە ناوەندی شاری حەسەكە و قامشلی پاراستووە.

دیمەشق ھێزەكانی ھەسەدە تۆمەتبار دەكات بە "سەپاندنی ئابڵوقەیەكی خكێنەر" و رێ لەبەردەم گەیاندنی ئامێر و خۆراك دەگرێت بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێم، بەپێی ئەوەی سانا رایگەیاندووە.

لە بەرامبەردا، رژێمی سووریا تۆمەتبار دەكرێت بە ئابڵوقەدانی ھەندێك ناوچەی زۆرینە كورد لە پارێزگای حەلەب لە باكووری سووریا و سەپاندنی باج و گومرك بەسەر ئەو كاڵایانەی لە نێوانیاندا دەھێنرێن و دەبردرێن، بەپێی روانگە.

سانا رۆژی یەكشەمە، وێنەی بەدەیان كەسی بڵاوكردەوە، ئەو كەسانە خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە لە پارێزگای حەلەب لە باكووری سووریا، كە حكومەتی سووریا گەڕەكێكی ئەو شارەی بەدەستەوەیە، كەچی بەشی گەورەی شارەكە دەكەوێتە دەست ھێزەكانی كورد.

سانا گوتی: خۆپیشاندەران ناڕەزاییان دەردەبڕی لە بەرامبەر  ئەو "ئابڵوقە"یەی ھێزەكانی كوردی بە سەر ئەو گەڕەك و ناوچانەیاندا سەپاندووە، كە ھێشتا لە ژێر دەستی ھێزەكانی حكومەتی سووریا دانە. ھێزەكانی كوردیشی تۆمەتباركردن بە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران و بووە ھۆی "كوشتنی كەسێك و برینداربوونی 4 كەسی دیكە".

لە لای خۆیەوە، روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختیكردەوە لەسەر "كوشتنی پۆلیسێك لە ئەنجامی تەقەكردن لە خۆپیشاندەرانی سەر بە رژێمی سووریا لە شاری حەسەكە" و برینداربوونی چەند كەسێكی دیكە.

دوای سەرھەڵدانی شەڕ لە سووریا لە ساڵی 2011، لەگەڵ پاشەكشەكردنی ھەژموونی ھێزەكانی رژێم، كورد پەیتا پەیتا "ئیدارەیەكی خۆسەری" لە باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریادا دامەزراند.

ھەندێك لە دەزگاكانی سەر بە رژێمی سووریا لەناوەندی شاری قامشلۆ و حەسەكە مانەوە، ھەبوونی رژێم لەو ناوچانە بەندە بە ھەبوونی ئەو دەزگا ئیداریانەی سەر بە ئەون.

دیمەشق ماوە ماوە كورد تۆمەتبار دەكات بەوەی دەیانەوێت جیا ببنەوە و سەربەخۆ ببن، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2019 و دوای ھێرشی توركیا، كورد ناچاربوون داوای خۆ تێھەڵقورتاندنی ھێزەكانی سووریا بكەن، كە لە تەك ھێزەكانی رووسیای ھاوپەیمانی لە باكوور و باكووری رۆژھەڵاتی وڵات بڵاوبوونەوە بۆ رێگریكردن لە ھێرشی توركیا.

سووریا لە ساڵی 2011وە شەڕێكی خوێناوی بەخۆیەوە دەبینێت و بووەتە ھۆی كوژرانی زیاتر لە 387 ھەزار كەس و زیانێكی گەورەی بە ژێرخان و كەرتەكانی بەرھەمھێنان گەیاندووە و بووەتە ھۆی ئاوارەبوون و دەربەدەركردنی بە ملیۆنان كەس بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

سەرچاوە: "ئەی ئێف پی"