سەرۆك بارزانی تاكه‌ سەرکردە بوو سەرکردایەتی شەڕی دژی داعشی کرد.. مانشێتی‌ میدیا جیهانییه‌كان گه‌واهیده‌رن

كۆشكی سپی داوای لە سەرۆك بارزانی کردبوو عێراق لە ئەهریمەنی داعش رزگار بکات.. بەڵێنی هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمه‌ریکا لەشەڕی دژی تیرۆر به‌كورد درا
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا،‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2015
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا،‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2015

K24- هه‌ولێر:

لەگەڵ سەرهەڵدانیدا داعش بە تەقینەوە، کوشتن، بڕین و وەحشیگەرییەکانی هەموو جیهانی شۆك کرد. ترسیشی خستبووە دڵی هەموو جیهان. تاکە هێزێك کە بۆ یەکەمجار لەسەر زەوی شکستی بە داعش هێنا پێشمەرگە بوو. سەرۆك بارزانیش تاكه‌ سەرکردە بوو سەرکردایەتی شەڕی دژی داعشی کرد. سەرۆك و سەرکردەکانی جیهان و ئاژانس و میدیا جیهانیەکانیش کاتێك باسی تێکشکانی داعش دەکەن، هیچکات رۆڵی سەرۆك بارزانی و قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە لەبیرناکەن.

رۆڵی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆك بارزانی لە شەڕی تێکشکاندنی داعش و لەناوبردنی خەلافەتەکەیدا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەرۆك و سەرکردەکانی جیهان بە سەردان یان لەرێگەی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی حەکیمانەی سەرۆك بارزانی دەکرد.

فرانسوا ئۆڵاند سەرۆکی ئەو کاتی فەرەنسا ته‌نیا سەرۆکی جیهان دوو جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، هەردوو سەردانەکەشی لە ماوەی شەڕی داعشدا بووە، یەکەم سەردانی له‌ ساڵی 2014 و دواتریش له‌ ساڵی 2017 بوو، ئۆڵاند پەسنی قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرکردایەتی و لێهاتوویی سەرۆك بارزانی دەدات و لەگەڵ سەرۆك بارزانیش سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان بەسەركرده‌وه‌.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و فرانسوا ئۆلاند، سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا، كاتی سه‌ردانیكردنی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ 2ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، وێنه‌: كریستۆف ئێنا پوڵ/AP
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و فرانسوا ئۆلاند، سه‌رۆكی پێشووی فه‌ره‌نسا، كاتی سه‌ردانیكردنی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ 2ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، وێنه‌: كریستۆف ئێنا پوڵ/AP

ساڵی 2016 و ئەو کاتەی داعش لە لووتکەی هێزیدا بوو، بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی پێشمەرگە داعش تامی شکستی کرد. جۆ بایدن سەرۆکی ئێستا و جێگری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمه‌ریکا تەلەفۆن بۆ سەرۆك بارزانی دەکات و سوپاسی سەرکردایەتی حەکیمانە و رۆڵی کاریگەری دەکات لە تێکشکاندنی داعش و، پێزانینی وڵاتەکەی بۆ پابەندی کورد و پێشمەرگە لە شەڕی لەناوبردنی داعش دووپاتدەکاتەوە. بایدن بەڵێنی بەردەوامی پاڵپشتی و هاوکارییەکانی وڵاتەکەشی بە کورد دەدات.

جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

کەناڵی "بی بی سی" بەریتانیش لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا کە لەگەڵ سەرۆك بارزانی کردووە، باس لە رۆڵی کاریگەری سەرۆك بارزانی دەکات، کە چۆن هەموو سەرکردەکانی جیهان چاویان لە سەرۆك بارزانی بووە، بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەسەر زەوی داعش تێکبشکێنێت.

سه‌رۆك بارزانی له‌یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش
سه‌رۆك بارزانی له‌یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش

کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمه‌ریکی و بەرنامەی دیاری ئامانپوور، لە سێیەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا میوانداری سەرۆك بارزانی ده‌كات. ئەوکات سەرۆك بارزانی باسی ئۆپەراسیۆنەکە و قۆناغی دوای ئازادکردنی موسڵیش دەکات و هەموو پێشبینییەکانی وەك خۆی هاتوونەتە دی، ئەو سەرکردانەی پێش ئۆپەراسیۆنەکە هانایان بۆ سەرۆك بارزانی دەهێنا ئێستا لە هەموو بەڵێنەکانیان پاشگەزبوونەتەوە.

میوانداری سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌رنامه‌ی ئامانپوری كه‌ناڵی
میوانداری سه‌رۆك بارزانی له‌ به‌رنامه‌ی ئامانپوری كه‌ناڵی

گۆڤاری بەناوبانگی "زە نیویۆرکەر"ی ئەمه‌ریکیش لە راپۆرتێکدا بەناونیشانی "شەڕی بەختکردنی گیانی خۆیان" باس لە ئەزموونی سەرۆك بارزانی و پلانەکانی دەکات، کە چۆن بوونەتە هۆی سەرلێشیوان و شکستی داعش. ناوەرۆکی پەیامێکی کۆشکی سپیش ئاشکرا دەکات، کە داوایان لە سەرۆك بارزانی کردووە، عێراق لە ئەهریمەنی داعش رزگار بکات.

وێنه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ مانشێتی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌ی
وێنه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ مانشێتی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌ی

ئاشتن کارتەر، وەزیری ئەوکاتی بەرگری ئەمه‌ریکاش دێتە هەولێر و سوپاسی سەرکردایەتی سەرۆك بارزانی دەکات، کە لەگەڵ پێشمەرگە لەجیاتی جیهانی دیموکرات و ئازاد شەڕی لەناوبردنی داعش دەکەن و لەسەر زەوی و بە گیانی خۆیان بەرگری لە هەمووان دەکەن. لە بەیاننامەیه‌کیشدا کۆشکی سپی باس لە ناوەرۆکی سەردانەکەی ئاشتن کارتەر دەکات و دەڵێت: بەڵێنی هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمه‌ریکا لەشەڕی دژی تیرۆر دراوەتە کورد.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و ئاشتن كارته‌ر، وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و ئاشتن كارته‌ر، وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا

گۆڤاری "وۆڵ ستریت جێرنەڵ" لە بابەتێکدا بە ناونیشانی "شەڕی مووسڵ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئاسایی دەکاتەوە" نووسیوویەتی: هەموو دەروازەکانی چوونەناو موسڵ لە دەستی داعشن. تاکە دەرچە کە هێزە عێراقییەکان بتوانن لێیەوە بچنە ناو مووسڵ ئەو دەرچەیەیه‌ کە لە دەست پێشمەرگە. "وۆڵ سترێت جێرناڵ" باس لەوە دەکات، کە چۆن هەموو سەرکردە و لایەنە عێراقیەکان هانایان بۆ سەرۆك بارزانی هێناوە، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت لە سنووری ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەوە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەست پێبکەن.

ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، کە ئەو کات وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بوو، چەند جارێك سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و سوپاس پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی و سەرکردایەتیکردنی شەڕی دژی داعش دووپاتکردوە. دوای گەڕانەوەشی "دۆچە وێلە"ی ئەڵمانی ئاشکرایکرد، ڤۆندێرلاین بەڵێنی ناردنی چەکی دژە تانکی بە سەرۆك بارزانی داوە.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئه‌ڵمانیا
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، وه‌زیری پێشووی به‌رگری ئه‌ڵمانیا

هەموو رۆژنامە و گۆڤار و ئاژانس و کەناڵە جیهانیەکان باسیان لە شەڕی داعش و لەناوبردنی خەلافەتەکەی ئەو رێکخراوە کردووە، لە هەموو راپۆرتەکانیشدا یان چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆك بارزانی کراوە یان نامە و پەیوەندی و سەردانی سەرۆك و سەرکردەی وڵاتان بۆلای سەرۆك بارزانی بڵاوکراوەتەوە، به‌شاهێدی هه‌موو جيهان: پێشمەرگە ته‌نیا هێزی سەر زەوی و سەرۆك بارزانیش وەك ته‌نیا سەرکردە توانییان بە هاوکاری و پاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانان شکست به‌ داعش بهێنن.

H.B