نێردەی بانکی جیهانی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە

جبووری: لە پڕۆژەیاسای بودجەدا چەندین رێوشوێنی چاکسازی جێگەی کراوەتەوە
په‌رله‌مانی عێراق
په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ رەمزی نوعمان، نێردەی تایبەتی بانکی جیهانی کۆبووەوە و تاوتوێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی (2021)ی عێراقیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە و ئەو ئاڵنگارییە سەختانەیان کردووە، کە رووبەڕووی لیژنەی دارایی دەبێتەوە، لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی ناجێگری ئابووری و داراییدا تێدەپەڕێت، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووچاری بووە.

جبووری بە نێردەی بانکی جیهانی راگەیاندووە، لیژنەی دارایی لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایه‌، چونکە قەبارەی کورتهێنان لە پڕۆژەی بودجەدا زۆر گەورەیه‌، لەبەرامبەردا خەرجییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، بێ ئەوەی رێوشوێنێکی چاکسازی راستەقینەی ئەوتۆی تێدا بێت.

روونیشیکردەوه‌، لیژنەکەیان چەندین رێوشوێنی چاکسازی دیاریکردووە و جارێکی دیکە پڕۆژەیاسای بودجەیان داڕشتووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی، گوشارەکانی سەر داهاتی نەوتی کەمکردووەتەوە، بە پێچەوانەوە تیشکی خستووەتە سەر داهاتە نانەوتییەکانی وەک دەروازەی سنووری و کۆکردنەوەی باج و پشتیوانی لە کەرتی ناوخۆ.

لە بەرامبەردا رەمزی نوعمان، نێردەی تایبەتی بانکی جیهانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بانکی جیهانی پشتیوانی لە پڕۆسەی چاکسازی دەکات، کە ئامانج لێی گەشانەوەی ئابووری عێراق و چارەسەرکردنی پەیکەربەندییەکەی بێت.

د.ی