له‌ هه‌ولێر دزران و له‌ سلێمانی ده‌ستیان به‌سه‌رداگیرا

یه‌كێكیان له‌ شاره‌زوور و ئه‌وی تریان له‌ چه‌مچه‌ماڵ دۆزرانه‌وه‌
ئه‌و دوو ئۆتۆمبیله‌ی له‌ هه‌ولێر دزران و له‌ سلێمانی دۆزرانه‌وه‌
ئه‌و دوو ئۆتۆمبیله‌ی له‌ هه‌ولێر دزران و له‌ سلێمانی دۆزرانه‌وه‌

K24- سلێمانی:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دوو ئۆتۆمبیلی راگه‌یاند، كه‌ له‌ هه‌ولێر دزرابوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا هاتووه‌: له‌سه‌ر راسپارده‌ی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و لەژێر رۆشنایی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دوو ئۆتۆمبێل لە ناو پارێزگای سلێمانی دۆزرانەوە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی پۆلیسی هەولێر دەكرێنەوە .

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر - بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاگاداركردەوە لە هاتنی دوو ئۆتۆمبێل بۆ ناو پارێزگای سلێمانی كە دزراون، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنكەكانی سنووری پۆلیسی سلێمانیی ئاگاداركردەوە، كە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە .

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، لەژێر رۆشنایی زانیارییەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسی سلێمانی توانرا هەردوو ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێنەوە، كە یەكێكیان لە قەزای چەمچەماڵ و لەلایەن بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ، ئەوی تریان لە قەزای شارەزور و لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماواوە دۆزراونەتەوە و دوای تەواو كردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەكرێنەوە.

H.B