بژاردەكانی ھەرێمی كوردستان لە ئەگەری رێكنەكەوتن

"ئەگەر كار بە بژاردەكانی دیكە بكرێت، ھەرێمی كوردستان بەھێز دەبێتەوە"
تاوتوێكردنی بودجه‌ی 2021 له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
تاوتوێكردنی بودجه‌ی 2021 له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

پسپۆرانی بواری ئابووری و سیاسی رایدەگەیەنن، ئەگەر پەرلەمانی عێراق بێ پشکی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجه‌ی پەسەند کرد، هەرێم بژاردەی دیکەی دەبێت و ئەگەر ئەو بژاردانە کاریان پێبکرێت؛ ئەوا دەبێتە هۆی بەهێزبونی هەرێمی کوردستان، پسپۆڕێکی ئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، چاکسازی لە داهاتەکان دەبێتە هۆی زۆربوونی داهات، وا دەکات پێوستمان بە بەغدا نەبێت.

پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 دەکات، چەندین پەرلەمانتاریش خۆیان ئامادە کردوە، دژی هەرێمی کوردستان دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ حكومەتی عێراق نەهێشتووەتەوە، چەند ئاماژەیەکیش هەن، کە ئەو پڕۆژەیاسایە بەبێ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان تێپەڕێنرێت. پسپۆڕێکی بواری ئابووری سیاسی رایگه‌یاند، عێراق لە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان سوودی وەگرتووە، پێشبینی دەکات پڕۆژەیاسای بودجە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان تێپەڕنەبێت، بەڵام ئەگەر هەولێر کار بە بژاردەی دیکە بکات، بەهێز دەبێت.

ئه‌نوه‌ر عه‌لی، پسپۆڕ لە بواری ئابووری و سیاسی گوتی : "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بتوانێت پێگه‌ی ئابووری دارایی خۆی به‌هێز بكات، ئه‌و پێویستییه‌ی به‌ به‌غدا نابێت، ئه‌وكات له‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزتر به‌رامبه‌ر به‌غدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌، پێموایه‌ به‌غدا بۆ ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ دوو روانگه‌، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر پێی خۆمان ده‌وه‌ستین، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ پێگه‌یه‌كی به‌هێزتر قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین، عێراق ده‌یه‌وێت سوود له‌و قه‌یرانه‌ی هه‌رێم وه‌ربگرێت، تا ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌موو هه‌رێمی كوردستانی بگرێت و لاوازی بكات".

بژاردەکانی بەردەم حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ئەگەری نەگەشتنە رێککەوتن ئەگەر کاریان پێبکرێت، دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان پێوستی بە عێراق نەبێت، لەو بژاردانەش چاکسازییە لە سەرچاوەکانی داهات و خاڵە سنوورییەکان و کەرتی نەوت و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییه‌، پسپۆڕێکی ئابووری پێیوایە چارەسەری بنەڕەتی لە هەولێرە، چونکە نازاندرێت تاکەی بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان دەبێت.

توانا تەحسین خەیات، پسپۆڕی ئابووری گوتی: "له‌ ئه‌گه‌ری رێكنه‌كه‌وتن، پێویسته‌ هه‌رێم پێداچوونه‌وه‌ به‌ به‌ڕێوه‌بردنی دارایی بكاته‌وه‌، پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له‌ رووی خاڵه‌ سنوورییه‌كان، باج و كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان رێكبخه‌ینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ تا چه‌ند ده‌توانین له‌گه‌ڵ به‌غدا بین؟، ئه‌گه‌ر ئه‌م رێككارانه‌ ئه‌نجام بدرێن، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بتوانین له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین".

شاندی هەرێمی کوردستان دوایەمین گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە دەکات، ھەرێمی كوردستان هیچ بیانووییەکی بۆ حكومەتی عێراق نەهێشتووەتەوە، ئەگەر بەغدا لە داواکارییەکانی لە چوارچێوەی دەستوور نەبن؛ ئەوا هەولێر ئامادەی جێبەجێکردنی ئەو داواکاریانەی نابێت و بژاردەکانی دیکەی کار پێدەکات.

د.ی