سەعدی پیرە: سەرۆکی شاندی کوردستان قوباد تاڵەبانییە کە لەسەر سلێمانی ئەژمار دەکرێت

بە تەنزەوە باسی "رای مەیدانی ماستەکە" دەکات
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دەنگۆی مامەڵەکردنی راستەوخۆی سلێمانی و بەغدا، بە تەنزەوە دەڵێ "ئەمە رای مەیدانی ماستەکەیە، (چونکە) سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان و بەغدا، قوباد تاڵەبانییە کە لەسەر سلێمانی ئەژمار دەکرێت".

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، "بەداخەوە لایەنەکانی عێراق کەمتر بیر لە ئەزموونی رابردوو دەکەنەوە" جەختیشی کردەوە لەوەی "هەرێمی کوردستان ناڕووخێت".

سەعدی پیرە گوتی "سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانییە، قوباد تاڵەبانیش لە سلێمانییەوە دێت... بەغدا نیازی زۆر باش نییە، بەداخەوە لایەنە شیعی و سونییەکان و لایەنەکانی دیکەی عێراق کەمتر بیر لە رابردوو دەکەنەوە و لە ئەزموونی حکومەتەکانی رابردووی عێراقیش سوود وەرناگرن".

هەروەها گوتی "(حکومەتی کازمی) خۆ یەکەم حکومەت نییە هەرێمی کوردستان ئەزموونی لەگەڵیان دەبێت، ئەوانەی دیکەش ئەزموونکران. بە لەخۆگرتن یان جێهێشتن (ـی بەشێک) هەروەها بە ئابڵۆقەی ئابووری و بەکارهێنانی هێز، هەرێمی کوردستان ناڕووخێت".

ئەو گوتانەی سەعدی پیرە لەکاتێکدان ئەمڕۆی رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەرمیی عێراق، هەواڵێکی بە مانشێتی "سلێمانی: "بەشێوەیەکی راستەوخۆ" مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی" بڵاوکردەوە، هەواڵەکەش لەسەر لێدوانی رێکەوت زەکی، ئەندامی یەکێتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داڕێژراوە.