"دەوامكردن لە قوتابخانەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت"

كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دواخرا
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – ھەولێر

وەزیری پەروەردە رایگەیاند، دەوامكردن لە قوتابخانەكان بە شێوازی جاران نابێت، وەزارەتی تەندروستی میكانیزمێك بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دادەنێت و وەزارەتی پەروەردە جێبەجێی دەكات.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكان گوتی: "كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كە بڕیاربوو سبەی بكرێت بۆ یەك دوو رۆژی دیكە دوادەخرێت، بەھۆی سەرقاڵی ھەندێك لە ئەندامانی لیژنەكە".

گوتیشی: "ئێمە پێشنیازەكانمان بۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا گەڵاڵە كردووە، ئەگەر لیژنە بڕیاربدات لە 6ی ئەم مانگە بەدواوە بەپێی میكانیزمی وەزارەتی تەندروستی خوێندن لەناو پۆلەكان دەستپێدەكاتەوە، چونكە دەوامكردن لە قوتابخانەكان بە شێوازی جاران نابێت، ناكرێ ناوەندەكانی خوێندن قەرەباڵغ بكرێن، بۆ ئەمەش وەزارەتی تەندروستی میكانیزمێك دادەنێت، ئێمەش وەك وەزارەتی پەروەردە جێبەجێی دەكەین، بۆ ئەوەی كە قوتابخانەكانمان كردەوە ناچار نەبین دایبخەینەوە".

لە 13/1/2021 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاردا 16/1/2021 خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەست پێبكاتەوە، بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی قۆناغەكانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان، لە كۆبوونەوەی داھاتوو بڕیاری لەسەر دەدرێت.