بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق دەستپێشخەری دەكرێت

"بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بوو"
دۆلار
دۆلار

K24 - ھەولێر

بانکی جیهانی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، دەرفەتی زیاتر بە حکومەت دەدات بۆ ئەوەی داهاتەکەی زیاد بکات و کەمتر پشت بە هاوردە ببەستێت.

رەمزی نوعمان، نوێنەری تایبەتی بانکی جیهانی لە عێراق ئاماژە بەوەدەدات، سندووقی داراییان لە عێراق قەبارەکەی گەیشتووەتە دوو ملیار دۆلار.

هەروەها ئاشکراشی كرد، ئێستا کار بۆ گەڕاندنەوەی پارە بەهەدەردراوەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات دەدەن.

نوێنەری تایبەتی بانکی جیهانی ئاماژەی بەوەشدا، چەندین ساڵە لەگەڵ عێراق کاردەکەن و پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوانیاندا هەیە، هەروەها عێراق پێگەیەکی گرنگی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی هەیە، لە هەمان کاتدا لە چەندین دۆخی جیاوازدا بانکی جیهانی پاڵپشتی عێراقی کردووە.

لەبارەی دابەزاندنی بەهای دینار، نوێنەری بانکی جیهانی دەڵێت، بەو هەنگاوە داهاتی حکومەتی زیاد دەکات و وادەکات کاڵای ناوخۆ هەرزانتر دەستبکەوێت، عێراق زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆی ببەستێت.

راشیگەیاند، بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بوو، کە هەر یەکە لە وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان و حکومەتی عێراق و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بەشدار بوون لە بیرۆکەکە.