لەبارەی دانوستاندنی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە؛ لە راستیدا هەنگاوی باش نراون و ئەو قسانەی دەکرێن، زیاتر سیاسین

ئەحمەد سەفار
author_image Kurdistan24
ئەحمەد سەفار
ئەحمەد سەفار

K24 - هەولێر:

سەبارەت بە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد "لە راستیدا هەنگاوی باش نراون و ئەو قسانەی (پێچەوانەی ئەوە) دەکرێن، زیاتر قسەی سیاسین".

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ماوەی چەند رۆژێکە لە کۆبوونەوەی بەردەوامدا لەگەڵ گشت لایەنەکان بۆ ئەوەی هەمووان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق رێکبکەون، پێش ئەوەی بخرێتە دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق. د. ئەحمەد سەفار لەبارەی ئەو کۆبوونەوانە میوانی کوردستان24 بوو و بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە:

کوردستان24: بۆنی رێککەوتن لە بەغدا دێت یان نا؟

ئەحمەد سەفار: ئێمە گەشبینین، چونکە ئەوەی پێمان کرا، کردمان. ئەندامانی لیژنەی دارایی، یان ئەندامانی پەرلەمان چیان ویست، شاندی هەرێم زانیارییان خستە بەردەمیان و نەرمییەکی زۆرینان نواند، کە ئامادەن لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای ئیدارەی دارایی (رێکبکەون)، چونکە ئەمانە شایستەی هەرێمی کوردستان و شایستەی دەستوورین، ئێمە بە هیچ شێوەیێک ناتوانین تەنازوولی لێبکەین، تاوەکو ئەو شایستانە بەدەستدێن.

شاندی هەرێم هەموو زانیارییەکانیان پێدان، پرسیاریان کرد و شاندی هەرێم نەخشەی نەوتییان پێیان دا، کە چەند بیر لە هەرێمی کوردستان هەن، تێچووی چەندە، بەرهەمەمی نەوت چەندە، گواستنەوە چەندە، چەند دەمێنێت و بەکارهێنانی ناوخۆیی چەندە، داهاتی نانەوتی چەندە و فەرمانبەرانی هەرێم و مووچەخۆران چەندن و پێویستیان بە چەند پارەیە و هەموو شتیکیان روونکردنەوە. هەندیک لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاری عەرەب چەند پرسیارێکیان کرد کە دەیکەنە بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستان، کە دەڵێن "هەرێم نەوتی نەماوە و باوەڕمان نییە و هەمووی دەفرۆشن"، (بەڵام) شاندەکە دەریخست ئەمە هەواڵێکی ناڕاستە و رێککەوتنەکەی ئێمە رێککەوتنی گواستنەوەی نەوتە و نەوەک هی فرۆشتن. هەروەها پرسیاریان لە شاندی هەرێم کرد، سنوورەکان کۆنترۆڵ نەکراون کە گومرگ یەک نییە، ئەوانیش (شاندەکە) روونیان کردەوە، رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کراوە و هەموو گومرگ یەکە و دەروازە سنوورییەکانی کوردستان زیاتر کۆنترۆڵکراون لەوانەی عێراق کە زۆربەیان لەدوای دەوامی فەرمی لەدەستی حکومەتدا نامێنن.

کوردستان24: قسە لەبارەی ئەوە دەکرێت، پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق بەبێ رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، لە حاڵەتێکی وادا، چی روودەدات؟ بەتایبەتی باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی فیدراڵی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاکان مامەڵە بکات.

د. ئەحمەد سەفار: راستە، ئەو قسانە دەکرێن، بەڵام ئەمانە دەستووری نین. لیژنەی دارایی، پەرلەمانێکی بچووکە، ئەو رێککەوتنانەی لێوەی دەکرێن دەچنە پەرلەمان، چونکە لە لیژنەی دارایی، هەر رێککەوتنێک بکەین، ئەندامەکانی لیژنەی دارایی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی خۆیان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و رۆژی دواتر دێنەوە بە موافەقەی فراکسیۆنەکانیان، ... هەروەها لە راستیدا هەنگاوی باش نراون و ئەو قسانەی دەکرێن، زیاتر قسەی سیاسین زۆر لایەن پێیان خۆش نییە رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بکرێ، چونکە ئەوان هەندێک ئەجێندای دیکەیان هەن و هەندێک کاری دیکەیان دەوێت، بۆیە شاندی هەرێم زۆر بە هێزەوە هاتووە تاوەکو ئەو رێککەوتنە بچێتە پرۆژەی بودجە و ئێمە گەشبینین کە دەچێتە ناو بودجەی فیدراڵیی عێراق بەبێ بەشی هەرێم تێناپەڕێندرێت و ئەمجارە نە وەک جارەکەی دیکە و نە وەک یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییە. ئەوانەی هەڵوێستیان توندە، خەریکن تێیان بگەیەنن، چونکە ئەمە نە خێرێکە بە میللـەتێکی دەکەن، بەڵکو مافی دەستووریی میللەتە: هەرێم بەرامبەر بەغدا ماف و ئیلتیزامی هەیە و ئەوانیش بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیانە.

کوردستان24: پرۆژەیاسای بودجە کەی دەگاتە پەرلەمان؟ ئایا پێشتر رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، یان تەنیا خەریکە لە لیژنەی داراییەوە رێککەوتن دەکرێت؟

د. ئەحمەد سەفار: ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی 37ـەمینمان کرد و تەواو بووین، زیاتر لە 150 میوانداریمان کردووە لەوانە وەزیر و وەکیلی وەزیر و هەموو بەرپرسانی دەزگاکانی خەرجی، دوێنێ هەموو ماددەکانمان تەواوکردن و ئەمڕۆ هەندێک ماددەی نوێمان خستە نێو.

پێرێ، سەرۆکی پەرلەمانیش لەگەڵمان بوو و رای ئەویش ئەوەیە: ئەمڕۆ تاسبەی تەواو بین، (پرۆژەی بودجەی) پێشکەشی فراکسیۆنە سیاسییەکان بکەین لە رێگەی پەرلەمانتارەکانەوە تاوەکو بیبینن و، دوای دوو رۆژ بۆمان بنێرنەوە و پێشنیازەکانی خۆیانمان بۆ بنێرن تاوەکو بتوانین کاتێک پرۆژەکە دەنگی لەسەر دەدرێت بە تەوافووقی هەموو لایەنەکان بە سانایی تێپەڕێت، نەوەک وەکو جاری دیکە لە 2019 کاتێک لە هۆڵی پەرلەمان زۆر ماددە زیادکران، 20 ماددەی نوێ بوون و رەوشی بودجە تێکچوو.

پێشبینی دەکەم لە کۆتایی هەفتە، لە رۆژی چوارشەممە بۆ پێنجشەممە دەنگی لەسەر دەدرێت یان لە هەفتەی داهاتوو رۆژی شەممە.