لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ باره‌ی بودجه‌ فره‌بۆچوونن

راده‌ستكردنی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت ره‌تده‌كرێته‌وه‌
گفتوگۆ له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 به‌رده‌وامه‌
گفتوگۆ له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامە شیعەکانی ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، سەرباری ئەوەی فرە بۆچوونن، چەندین سیناریۆ و پێشنیازی جیاواز دەخەنە بەردەم شاندی حکومەتی ھەرێم، کە سەرجەمیان ھەوڵدانە بۆ وەرگرتنی تەواوی دۆسیەی نەوت، ئەمەش لای شاندی حکومەتی ھەرێم رەتکراوەیە و بە نادەستووری وەسفی دەکەن، بەو ھۆیەشەوە کۆبوونەوەکانیان راگرتووە، تا ئەو کاتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی بۆچوونەکانیان یەک دەخات، ھەر تایبەت بە پشکی ھەرێم لە پڕۆژە بودجەی ساڵی (2021)، شاندەکەی حکومەتی ھەرێم لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دانووستانی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی شیعە دەستپێکردووە و شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ "نووری مالیكی"، سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و "محەمەد حە‌لبوسی"، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە.

گه‌ڕێکی دیکەی دانووستانەکانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە پشکی ھەرێم لە بودجەی ساڵی (2021)ی عێراق دەستی پێکردووە، شاندەکە پێشتر لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوه‌، پەرلەمانتارانی شیعەی ناو ئەو لیژنەیەش، بەچەندین سیناریۆ و پێشنیازی جیاواز، ھەوڵی ئەوە دەدەن، تەواوی دۆسیەی نەوت یان داھاتی نەوت و تەنانەت بەشێکیان داوای وەرگرتنی کێڵگەکانی ھەرێم دەکەن، ئەم داواکاری و فرەبۆچوونەیەش، کە لای شاندی ھەرێم رەتکراوەیە، بووە ھۆی پەککەوتنی کۆبوونەوەکان، تا ئەو کاتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی بۆچوونەکانیان یەک دەخات، شاندەکەی حکومەتی ھەرێمیش لەگەڵ سەرکردایەتی لایەنە سیاسییە شیعە ناڕازییەکانی دژ بە ھەرێم، دەستیان کردووە بە گفتوگۆ و دانووستان.

شاندی حکومەتی ھەرێم و تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ھاوڕان لەسەر رەشنووسی بودجەی (2021) بۆ پشکی ھەرێم جێگیرکراوە، لە بەرامبەر پشکی ھەرێم، (250) ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوه‌ی داھاتە نانەوتییەکان رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە کار بۆ ئەوە دەکەن، سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان بگەڕێنەوە دەستی حکومەتی عێراق، بۆیە ئەمەش بە مەترسی بۆ سەر قەوارەی ھەرێم تەماشا دەکرێت، ڤیان سەبڕی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، داوای ئەو پەرلەمانتارانە نا دەستورییە و بەپێی یاسای کارگێری و بەڕێوبردن، ئێمە پابەندی پێدانی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان دەبین.

لەگەڵ ئەوه‌ی ھەردوولا، شاندی حکومەتی ھەرێم و لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، سەرقاڵی دانوستانن و چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی شیعە، دژایەتییەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و لۆبییەکیان دروستکردووە، تاکو لە رۆژی پەسەندکردنی بودجە، ھاوشێوەی پڕۆژەیاسای قەرز، بە کەمینە و زۆرینە، ھەرێمی کوردستان لە پشکی بودجە بێبەش بکەن.

د.ی