له بودجهی عێراق كهركووك فهرامۆش دهكرێت
K24 - ههولێر:
خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بەردەوامە، نووسراوێک دەست کوردستان24 کەوتووە، راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، ئاراستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کردووە و داوای بڕی (114) ملیار دیناری کردووە، بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری، کە (8) پڕۆژەن و سەرجەم پڕۆژەکان دەکەونە ناوچە عەرەبییەکان و قەزای حەویجە، ناوچە کوردییەکانیش بێ خزمەتن، خۆڵ و خاشاک تێیدا کۆبووهتەوە.
ئەم نووسراوە نموونەیەکی دیار و بەڵگەیەکی حاشا هەڵنگری ئەو جیاوازییە، کە پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، لەنێوان ناوچە کوردی و عەرەبییەکان دەیکات.
لەکۆی (8) پڕۆژەی خزمەتگوزاری، کە داوای خهرجكردنی پارەی بۆ کردوە، تەنیا یەک پڕۆژەی بۆ سهنتهری شارەکەیە و (7) پڕۆژەی دیکەی بۆ حەویجە و ناوچە عەرهبییەکانە.
گەڕەکە کوردییەکانیش بێ خزمەتن و (3) ساڵە هیچ جۆرە پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریان بۆ نەهاتووە.
گەڕەکەکانی کەرکووک زبڵ و خۆڵ و خاشاک تێیدا کۆبوونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی، کە زیاتر لە (3) ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەهاتووە.
پەرلەمانتارانی کەرکووک هەموو گەندەڵییەکانی ئیدارەی شارەکەیان کۆکردووهتەوە ئاماژه بهوه دهكهن، پارێزگاری شارەکە پارەی کەرکووکی بەهەدەرداوە.
جیاوازیکردنی پارێزگاری سەپێنراوی شارەکە لەنێوان گەڕەکەکان، وای کردووە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد بگەنە ئەو ئەنجامەی، کە پارە بۆ شارەکە لەلایەن بەغداوە خەرج نەکرێت، تاکو ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکووک و دانانی پارێزگارێکی شەرعی.
د.ی