یادی شەهیدانی (1)ی شوبات کرایەوە
K24 - ههولێر:
(17) ساڵ بەسەر کارەساتی تەقینەوەکانی یەكی شوباتی (2004)، لە هەردوو لقی (2)ی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی (3)ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، لەو دوو کردوە خۆکوژییەدا، (103) کەسایەتی و سەرکردە و کادیری حزبی شەهیدبوون، کەسوکاری شەهیدانیش داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن، یەکڕیز و یەکگرتوو بن، ئەگەر نا دوژمنانی کورد هەوڵی لەناوبردنمان دەدەن.
دایکی شەهیدێكى هێرشه تیرۆریستییهكهی (1)ی شوباتی (2004)، لەگەڵ دانانى تاجە گوڵینەکە، وێنەیەکی کوڕەکەشی لەگەڵ خۆی هێناوە، کە له تەقینەوەكانی (1)ی شوبات شەهید بووه، دوای (17) ساڵ هێشتا برینی خەمەکانی سارێژ نەبووە، شەهیدبوونى کوڕەکەی هێندەی دیکە بەتەمەنی کردووە، لە بنەماڵەکەیان دوو کەسیان لەو رۆژەدا شەهید بوون، هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە، جگە لە کوڕەکەی، برایەکیشی لەو کارەساتەدا شەهید بووە، ئازارى لهدهستدانى ئازيزانى بيرناچێتهوه و داوای یەکڕیزی و یەکگرتوويی لە لایەنە سیاسییەکان دەکات.
مۆنۆمێنتی شەهیدانی (1)ی شوبات، كه کەسوکاری شەهیدان ههموو ساڵێك بۆ يادكردنهوهى ئازيزانيان و بۆ دانانی تاجە گوڵینە لەبەردەم ناوی شەهیدەکانیان دێن، هێرشه تیرۆریستییهكه هێندە گەورەبوو، ئێستاش کەسوکاری شەهیدان وەک رۆژی کارەساتەکە خەمبارن، ئەوانەی له مۆنۆمێنتهكهن، بێ جیاوازی رەنگ و حزب و بيروڕاى سياسى، یادی شەهیدەکانیان دەکەنەوە و رایانگهیاند، دوژمن جیاوازیمان لە نێواندا ناکات ئەگەر یەکگرتوو نەبین، ئەم کارەساتانەمان بەسەردا دووباره دهبێتهوه.
(17) ساڵ بەسەر تەقینەوەكانی (1)ی شوباتی (2004) تێدەپەڕێت، كە لە یەك كاتدا تەقینەوە لە بارەگاكانی لقی (2)ی پارتی و مەڵبەندی (3)ی یەكێتی لە ھەولێر كرا، بەو ھۆیەوه (103) كەس شەھید بوون، ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی، تهنیا رێورەسمى دانانى تاجە گوڵینەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزیری شەهیدان و حزب و لايةنه سياسيیهكان دانرا، کەسوکاری شەهیدانيش داوادهكهن خوێنی ئازیزان و خۆشهویستانيان بکرێته ههوێنی یهکڕیزی و پێکهوهیی بۆ بهدیهێنانی ئامانجهکان.
د.ی