داوا دەكرێت پلەی وەزیفی بۆ وانەبێژانی خۆبەخش لە بودجەی عێراق جێگەی بكرێتەوە

لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، پلەی وەزیفی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بۆ وانەبێژانی خۆبەخش جێگەی بکرێتەوە.

 لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوا دەکات، پلەی وەزیفی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بۆ وانەبێژانی خۆبەخش جێگەی بکرێتەوە، ئەو داواکارییە لە کاتێکدایە عێراق بە چەندین قەیرانی گەورەی سیاسیی و ئابووری و ئەمنیدا تێدەپەڕێت.

ئەو لیژنەیە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، وانەبێژان دەستی هاوکاریان بۆ بەردەوامی پڕۆسەی پەروەردە درێژکردووە، سەرجەم بۆشاییەکانیان لە میلاکاتی پەروەردە پڕکردووەتەوە.

هۆکاری ئەو داواکارییەش دەگەڕێننەوە بۆ کەمبوونەوەی پێدانی پلەی وەزیفی بە وەزارەتی پەروەردە لە چەند ساڵی رابردوودا و تەنانەت لە ساڵی 2018ـەوە وەستاوە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆکاری دووەم بۆ خانەنشینبوونی پێشوەختەی ژمارەیەک کادیری پەروەردە دەگەڕێتەوە، کە دەبوایە جێگەیان پڕبکرێتەوە، سەرەڕای چەندین داواکاری، حکومەت بە دەم داواکارییەکەیان نەهاتووە، ئەوەش وایکردووە کێشەکانی کەرتی پەروەردە بەردەوام بن کەڵەکە بن لەسەر یەک. کە ئێستا گیرۆدەی چەندین گرفت بووە وەک کەمی ژمارەی باڵاخانەی قوتابخانەکان و دابین نەکردنی پلەی وەزیفی، هەروەها جێبەجێنەکردنی سادەترین داواکاری کە بە گرێبەستکردنی وانەبێژانە.