چوار ساڵ دوای ئازادکردنی موسڵ... دەرکەوتنی ئێسکوپرووسک لەنێو باڵەخانە رووخاوەکان

23 رووفات و ئێسکوپرووسک لە ناوچەیەکی موسڵ هەڵگیرانەوە
وێنەی یەکێک لە رووفاتەکان لەدوای هەڵگرتنەوەی
وێنەی یەکێک لە رووفاتەکان لەدوای هەڵگرتنەوەی

K24 - هەولێر

نزیکەی چوار ساڵ بەسەر گوتەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق تێپەڕی، کاتێک لە 10ـی تەممووز/ یۆلیۆـی 2017 رایگەیاند "موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش ئازادکرا"، کەچی هێشتا تەرم لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکانی شارەکە ماون.

پێش چوار رۆژ، رێکخراوی ناحکومیی چاوی موسڵ (Mosul Eye عين الموصل) ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، تێیدا پاشماوەی جەستە و کەللـە سەری مرۆڤ لەنێو خاشاک و باڵەخانەی رووخاوی موسڵ بەدەر کەوتوون.

رێکخراوەکە ئەمەی لەسەر ڤیدیۆکە نووسیوە "زۆر دوودڵ بووم لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە... بەڵام ناتوانین لەو راستییە هەڵبێین، کە ناوچەکانی قلێعان، مەیدان و شەهوان، هێشتا ئێسکوپرووسکی ئەو تەرمانەی لێیە، کە هەڵنەگیراونتەوە".

کەناڵی ئاسمانیی موسڵییە، دوێنێ راپۆرتێکی لەبارەی هەڵگرتنەوەی تەرمەکان بڵاوکردووەتەوە. موقەدەم سەعد حوسێن، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی مەدەنیی نەینەوا لە راپۆرتەکەدا دەڵێ "دوای بڵاوبوونەوەی بوونی تەرمی نەناسراو، کە هەندێکیان هی چەکدارانی تیرۆرستی داعش بوون، تیمی گەڕان و رزگارکردن گەیشتنە شوێنێکە و ژمارەیەک ئێسکوپرووسکمان دۆزینەوە، لەگەڵ هەندێک بەڵگەنامە و پاشماوەی جەنگی لە ناوچەی موسڵی کۆن، بەتایبەتی ناوچەی شێخ شەت".

راگەیاندنی دۆزینەوەی ئەو رووفاتانە لەکاتێکدایە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی مەدەنیی نەینەوا رایگەیاندبوو ناوچەکە هیچ رووفاتێکی تێدا نەماوە و بەتەواوەتی پاککراوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی دەستکراوە بە پاککردنەوەی شوێنی باڵەخانەیەکی رووخاوی ناوچەکە بۆ ئەوەی بینای لێ دروست بکرێت، رووفات و ئێسکوپرووسکەکان بەدەرکەوتوون.

بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی مەدەنیی نەینەوا باس لەوە دەکات: یەکێک لە ئێسکوپرووسکەکان ناسنامەی پێبووە کە دەریدەخات چەکداری داعش بووە.

ئەو بەڵگەنامەیەی نیشانی دەدات ئێسکوپرووسکەکە هی چەکداری داعش بووە، بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە
ئەو بەڵگەنامەیەی نیشانی دەدات ئێسکوپرووسکەکە هی چەکداری داعش بووە، بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە

بەگشتی لەو ئۆپەراسیۆنەدا، بەرگریی مەدەنی 23 ئێسکوپرووسک و رووفاتیان لەو شوێنە هەڵگرتووەتەوە، بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنیش لەدوای ئازادکردنی موسڵ، بەرگریی مەدەنی 2700 رووفاتی هەڵگرتووەتەوە کە زیاتر لە 2500ـیان رووفاتی خەڵکی مەدەنیی بوون.