زاناکان سپێناغیان فێرکردووە ئیمەیڵ بنێرێت

پرۆفیسۆرێکی پەیمانگەی ماساچوسیتس بۆ تەکنەلۆجیا: بەربەستی پەیوەندیی رووەک - مرۆڤ تێکشکێنرا
لەڕێگەی هەڵمژینی ماددەیەک، گەڵاکانی سپێناغ سیگناڵێکیان لێ دەردەچێت، وێنە: Canva
لەڕێگەی هەڵمژینی ماددەیەک، گەڵاکانی سپێناغ سیگناڵێکیان لێ دەردەچێت، وێنە: Canva

K24 - هەولێر

رەنگە ئەو گوتانە وەک بەشێکی فیلمێکی خەیاڵی زانستی دەربکەون، بەڵام زاناکان سەرکەوتوو بوون لەوەی وا لە سپێناغ بکەن، بە رێگایەک بە ئیمەیڵ ئاگاداریان بکاتەوە.

ئەندازیارانی پەیمانگەی ماساچوسیتس بۆ تەکنەلۆجیا لە ئەمەریکا (MIT)، توانیویانە وا لە سپێناغ بکەن هاوشێوەی سێنسەر کاربکات و، توانای هەبێت ماددەی تەقەمەنی دەستنیشانبکات، پاشان ئەو زانیارییە لەڕێگەی وایەرلێس بۆ زاناکان بنێرێت، بەڵام چۆن؟

کاتێک رەگی سپێناغ لە ئاوی ژێر زەوی نایترۆئارۆماتیک دەدۆزێتەوە، کە ئەو ماددەیە بەزۆری لە میندا هەیە، گەڵاکانی ماددەکە هەڵدەمژن، بەمەش لەڕێگەی کامێرایەک کە تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەخوێنێتەوە، ئیمەیڵی ئاگادارکردنەوە بۆ زاناکان دەنێردرێت.

ئەو تاقیکردنەوەیە، بەشێکە لە لێکۆڵینەوەیەکی گەورەتر و پەیوەستە بە "گواستنەوەی پێکهاتەی ئەلیکترۆنیک" بۆ سیستەمی رووەکی، تەکنەلۆجیاکە بە ناوی "رووکی نانۆبایۆنیک"ـە، کە پرۆسەیەکە بۆ پەیداکردنی توانای نوێ لە رووەکدا.

پرۆفیسۆر میشێل سترانۆ، سەرۆکایەتیی لێکۆڵینەوەکەی (MIT)ـی کردووە و دەڵێ "رووەک شیکەرەوەیەکی زۆر باشی کیمیایین، سیستەمێکی رەگی چڕوپڕیان هەیە کە بە خاکدا دەچێتە خوارەوە و بەردەوام نموونەی ئاو وەردەگرن و رێگایەکیان هەیە بۆ وزەدان بەخۆیان، لەڕێگەی گواستنەوەی ئاو لە خاکەوە بۆ گەڵاکانیان".

پرۆفیسۆرەکە هەروەها دەڵێ "ئەمە نوێترین رێگایە و دەریدەخات بەربەستی پەیوەندیی رووەک - مرۆڤ تێکشکێنراوە".

لەکاتێکدا مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوە بووە ماددەی تەقەمەنی دەستنیشانبکرێت، سترانۆ و زاناکانی دیکە لەوباوەڕەدان، دەتوانن سوود لە رووەک وەربگرن بۆ ئەوەی بە هەمان پرۆسە، زانیارییان لەبارەی ژینگە و پیسبوونی ژینگە پێبدرێت.