لەسەر رفاندن و بێهۆشكردنی كچێك، تۆمەتبارێك لە سلێمانی دەستگیر كرا

دوای دۆزینەوەی كچەكە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە
تۆمەتبار
تۆمەتبار

K24 – سلێمانی

ھێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی كەسێكیان بە تۆمەتی رفاندن و بێھۆش كردنی كچێك دەستگیر كرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد، كە كچەكەی بە مەبەستی كڕینی پێداویستی لەماڵ چووەتە دەروەو نەگەڕاوەتەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنكەكانی سنووری پۆلیسی سلێمانی راسپارد كە بەدواچوونی خێرا بكەن، بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار. دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو گومان خرایە سەر تۆمەتبارێك و توانرا هەمان رۆژ و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە تۆمەتبار دەستگیربكرێت، كە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا كامری كچەكەی هەڵگرتووەو دوای بێهۆشكردنی لە شوێنێك فڕێیداوە".

لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەشكراوە: "ئێستا تۆمەتبار (ش، أ ، ع ) لە دایكبووی 1991 بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 421 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوەو دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا".

پۆلسی سلێمانی راشیگەیاند: "هەروەها كچەكە پاش دۆزینەوەی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەوەو ئێستا لە ژێر چاودێریدایە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت".