پۆلیسی راپەڕین: بەهۆی بۆردوومانی "فڕۆکەکانی تورکیا" کچێک بریندار بوو

گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و برینەکەی سووکە
دیمەنێکی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی گوندی شێنێ
دیمەنێکی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی گوندی شێنێ

K24 - هەولێر

لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی گوندی شێنێی سنووری پشدەر لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا، کچێکی تەمەن 20 ساڵ بریندار بووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.

پۆلیسی راپەڕین ئەمڕۆ (سێشەممە، 2ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00 کچێک بەناوی (هـ . ئـ . ع.) لەدایکبووی ساڵی 1995، پیشەی کچی ماڵ و دانیشتووی گوندی شێنێی سەر بەقەزای پشدەر (قەڵادزێ)، گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی، کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ماڵی خۆیاندا بریندار بووە".

پۆلیس دەڵێ "دایکی کچەکە دەڵێ لەکاتێکدا فڕۆکەی تورکیا دەوروبەری گوندەکەیانی بوردوومان دەکرد، پەنجەرەی ماڵەوەیان شکاوه و بەهۆی پاشماوەی شووشەکان کچەکەی بریندار بووە، پاش چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی سووکیی برینەکەی رەوانەی ماڵەوە کرایەوە".

ئەمڕۆ بەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی ھەڵشۆ بە کوردستان24ـی گوتبوو "سێ جار فڕۆکە ناو گوندی شێنێ و دەوروبەریان بۆردوومان کردووە و تائێستا فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکەیە".

بەپێی زانیارییەكان ھیچ بارەگایەكی پەكەكە لەناو گوندی شێنێ نییە، بەڵام بە ناوچەكەدا ھاتووچۆ دەكەن.

هـ.ر.