عه‌لاوی به‌رگری له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
به‌رپرسیارێتی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌خاته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی ئیتیحادی

K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی، به‌رگری له هۆشیار زێباری، وه‌زیری دارایی عێراق ده‌كات و رایگه‌یاند، ئه‌و وه‌زیره له‌پێناو عێراقدا "ئه‌ركێكی پیرۆز" به‌جێده‌هێنێت.
ئه‌یاد عه‌لاوی، له باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، دووپاتی كرده‌وه، به‌غدا به‌رپرسه له تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان.
عه‌لاوی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له نووسینگه‌ی خۆی له به‌غدا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 12ی ئایار/ مایۆ، گوتی: "عێراق رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌بێته‌وه و له رووی ئابوورییه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هۆشیار زێباری، له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌ركێكی پیرۆزه له پێناو عێراق و له گفتوگۆدایه له‌گه‌ڵ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ره‌وشی دارایی عێراق".
عه‌لاوی به‌رپرسیارێتی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێری خسته ئه‌ستۆی حكوومه‌تی عێراق و دووپاتیشی كرده‌وه، پێشتر داوای په‌سه‌ندكردنی یاسای نه‌وتی غازی كردووه‌و گوتی: "یاساكه ده‌بووه میكانیزمێك بۆ چارسه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".