مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بێ پاسه‌وانه‌

كێله‌كان له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌ شێكنراون
شكاندنی كێلی مه‌زاری شه‌هیدان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌
شكاندنی كێلی مه‌زاری شه‌هیدان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌

K24 - هه‌ولێر:

چوار منداڵ زیاتر لە (75) کێلی مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە دەشکێنن و کەسوکاری شەهیدانیش لایەنی بەرپرسی شارەکە بەکەمتەرخەم دەزانن، بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی هەڵەبجەش سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی یاساییان نییە و کەمتر لە دوازدە ساڵانن، پێناچێت لە دادگا هیچ سزایەک بدرێن، ئەمە دووه‌مین جارە بەم شێوەیە کێلی مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بەهۆی نەبوونی پاسەوان لە مەزارەکە دەشکێنرێت.

مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە، ئەو جێگایەی، کە میوانی هەڵەبجە لەهەرشوێنیک دونیاوە بێن، سەرەتا سەردانی ئەم مەزارە ده‌کەن، زیاتر لە (75) کێلی گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجە لەلایەن چەند منداڵێکەوه‌ شکێنراوە، کەسوکاری شەهیدان نیگەرانن بەرامبەر لایەنی بەرپرس و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، لایەنی بەرپرسی ئەم شارە کەمتەرخەم بووە لەئاست پاراستنی رەمزی شەهیدانی هەڵەبجە، کە ناسنامەی کوردە.

حیکمەت فائق، کەسوکاری شەهید گوتی: "ئه‌و كاره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ سومبولی شه‌هیدان كراوه‌، كاریكی نه‌شیاوه‌، ئه‌مه‌ سومبولی هه‌موو كورده‌، نه‌وه‌ك ته‌نیا شاری هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مه‌ش كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه‌یه‌ به‌رامبه‌ر سومبولی شه‌هیدان، چه‌ندین جار ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌ سومبولی شه‌هیدان بپارێزن".

دووەمین جارە بەم شێوەیە مەزار و گڵکۆی شەهیدانی هەڵەبجە دەشکێنرێت، ئەوانەشی ئەم کارەیان ئەنجام داوە، جگە له چەند منداڵێك، هیچ کەسێکی دیکە لەپشت ئەم کارەوە نەبووە، بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەش سکاڵای یاسایی تۆمار کردوە.

سەرخێڵ غەفار، بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە گوتی: "سكاڵای یاساییمان تۆمار كردووه‌، سكاڵاكه‌ له‌ دادگایه‌ و چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادگا ده‌كه‌ین، له‌به‌ر نه‌بوونی میلاكات، پاسه‌وانمان بۆ ئه‌و شوێنه‌ نییه‌، داوامان كردووه‌ بنكه‌یه‌كی پاسه‌وانی بۆ مه‌زاری شه‌هیدان دابمه‌زرێت".

لەدوا راگەیەندراوی کەسوکاری شەهیدانیش بەم شێوە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و روونیانكرده‌وه‌، بەم بێ چارەسەرییە بێت، دوای چەندین جار روودانی لەم شێوەیە، بۆ ساڵوەگەڕی کیمیاباران لەم ساڵدا هەر خانەوادەیەکمان "کێلی" پیرۆزی شەهیدەکانمان دەبەینەوە ماڵەکانی خۆمان، چونکە ئیدی خۆمان دەبینە پارێزەری سومبولەکانمان، چیتر قبوڵی کەمتەرخەمیتان ناکەین.

د.ی