چیرۆکی تراژیدیی مردنی دوو برا لە دوو رووداوی هاتووچۆ

زانا لە ساڵیادی مردنی براکەی بۆ دڵنه‌وایی دایكی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام خۆشی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و گیانی لەدەستدا
مەریوان، (لای راست) لە تەمەنی 20 ساڵی و زانا (لای چەپ) لە تەمەنی 24 ساڵی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
مەریوان، (لای راست) لە تەمەنی 20 ساڵی و زانا (لای چەپ) لە تەمەنی 24 ساڵی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

مردنی مەریوان بە رووداوێکی هاتووچۆ لە 3ـی شوباتی 2018 بەتەواوەتی دایکی وێران کرد، بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی مردنی، زانای برای لە هەولێرەوە گەڕایەوە سەروچاوە، بەڵام دوای نیو کاتژمێر دڵدانەوەی دایکی، بووە خەمی سەربار و ئەویش بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

ماوه‌ی نێوان رووداوه‌كانی مردنی ئەو دوو برایە، سێ ساڵه‌، بەڵام زۆر لەیەکچووە: مەریوان سەدرەدین، تەمەنی 20 ساڵ بوو کاتێک لە 3ـی شوبات - فێبرایەری 2018 بە سواری ماتۆرسکیل تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو لەنێوان هەردوو ناحیەی شکارتە و سەروچاوە، بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

رووداوەکە هەموو خێزانەکەی، بەتایبەتی دایکی زۆر وێران کرد، بۆیە دوێنێ زانا سەدرەدینی تەمەن 24 ساڵ کە لە هەولێر خوێندکارە و کاریش دەکات، بۆ دڵنەوایی دایکی گەڕایەوە سەروچاوە، بێئاگا لەوەی قەدەر رێگایەکی دیکەی بۆ داناوە.

محەمەد هاشم، هاوڕێی نزیکی هەردوو برا و ئامۆزایان، قسەی بۆ کوردستان24 کرد سەبارەت بەو رووداوە تراژیدییە و گوتی "زانا دوینێ سەرەڕای ئەوەی زۆر کاری هەبوو لە هەولێر، تەنیا بۆ نیو کاتژمێر گەڕایەوە سەروچاوە، بۆ ئەوەی بە دایکی بڵێت؛ خەم مەخۆ کە مەریوانت لەدەستچوو، ئێمە ماوین، دوای ئەوەی ئەوەشی کرد، راستەوخۆ گەڕایەوە هەولێر، بەڵام لە رێگای سماقوولی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، ئەویش گیانی لەدەستدا".

ئەوەی کە زۆر رەوشی بە مردنی زانا تێکچووە، بەگوتەی محەمەد باوکییانە، کە پاسەوانی سنوورە، دوێنێ پەیوەندییان پێوە کردووە بێتەوە ماڵەوە، بەڵام پێیان نەگوتووە کوڕە گەورەکەی بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لەدەستداوە، بۆیە کە بەسەر هەواڵەکەدا گەیشتووە، راستەوخۆ توانا لە ئەژنۆیدا نەماوە و بەچۆکدا کەوتووە، ئێستاش رەوشی تەندروستی زۆر باش نییە.

بەگوتەی محەمەد، جگە لە رێككه‌وت، شێوازی مردنی هەردوو برا بەیەکدەچێت، هەردووکیان سەرەڕای سەختی رووداوەکان، شێوەی جەستەیان سەلامەت بووە، بەڵام هۆکاری مردنیان خوێنبەربوونی مێشک بووە.

دیمەنێکی رووداوی هاتووچۆ کە زانا تێیدا گیانی لەدەستدا
دیمەنێکی رووداوی هاتووچۆ کە زانا تێیدا گیانی لەدەستدا

 

دیمەنێکی رووداوی هاتووچۆ کە زانا تێیدا گیانی لەدەستدا
دیمەنێکی رووداوی هاتووچۆ کە زانا تێیدا گیانی لەدەستدا