دەیان هەزار ئەمهریکی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین سنووری ویلایەتەکانیان دەبڕن
K24 – دهۆك:
سەرەڕای هەبوونی (50) پلانی ناوازە بۆ کوتان لە هەموو ویلایەتەكانی ئەمهریکا، بهڵام وهرگرتنی ڤاکسین لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی تاکەکان دهوهستێت و هەر ویلایەتێک بە گوێرەی پلانی خۆی، ههڵمهتی كوتانهكه بهڕێوهدهبات.
لە ویلایەتی ویسکۆنسن Wisconsin، خاوهن كێڵگهكانی بهخێوكردنی ئاژهڵی مینك، بۆ کوتان لە ریزی پێشهوهدان، بەڵام لە ویلایهتی نیوجێرسی، جگەرەکێشەکان پێش خەڵکی دیكه کوتانیان بۆ دەکرێت. لە کۆلۆرادۆش، رۆژنامەنووسان لە بەراییدان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەم سیستەمە ئاڵۆزە، جۆرێکی نوێ لە هاتووچۆکردنی پەتایی دروست کردووە و بە "گەشتیاری ڤاکسین" ناونراوە، خەڵک لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکی دیكه دەپەڕنەوە، تاكو بگەنە شوێنێک بتوانن هەرچی زووە ڤاکسینەکە وەربگرن.
لەبەر نەبوونی پرۆتۆکۆڵێکی یەکگرتوو و سیستەمی تەندرووستی ناڕێک، دەیان هەزار، لە خەڵکی لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی ویلایەتەکان ڤاکسینیان وەرگرتووە.
د. جێی وۆڵفستۆن، مامۆستای تەندرووستی گشتی لە زانکۆی باشووری فلۆریدا گوتی: "خەڵک لە کەنەدا و بەرازیل و نیۆیۆرک و جۆرجیا دێن، هەتا لە مینیئاپۆلس هاتوونە لێرە".
ئهو مامۆستایه روونیشیكردهوه، "هەندێک لە هەڤاڵانم لە فلۆریدا بە منیان گوتووه، کە له نۆرهی وەرگرتنی ڤاکیسندا، خەڵکی ڤەنزوێلایان بینیوە".
ئەم دیاردەیە، رێژەی بڕینی تکیتی فڕۆکە لە نووسینگەکانی گەشتیاری زیادکردووە و بەگوێرەی خاوەن نووسینگەیەکی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، كه ئاماژهی بهوه كرد، "رۆژانە خەڵکێکی زۆر بۆ گەشتکردن پەیوەندییان پێوه دەکەن، تا له شوێنێک بتوانن بە پەلە ڤاکسین وەربگرن، داوای پلیت دەکەن، بهڵام من ئەو شتە ناکەم".
لەم دواییانەدا ویلایەتی فلۆریدا، یەکێک بوو لەو شوێنانەی، کە ئاراستەی گەشتیارانی ڤاکسینی لە خەڵکی ئەمهریکا و دەرەوەش بۆ خۆی راکێشابوو، ئەمەش لەبەر ئەو سیاسەتەیە، کە ئەم ویلایەتە پەیڕەوی دەکات، هەر کەسێک لە تەمەنی (65) ساڵی و سهرووتر، دەتوانن زووتر ڤاکسین وەربگرن. بەڵام ئێستا مەرجی ههبوونی ناسنامەی ویلایەتەکە بۆ ئهو كهسانهی داوای ڤاكسین دهكهن، دانراوه، بۆ ئهوهی دانیشتووانی ویلایهتهكه سوودمهند بن و جۆرە رێگرتنێک بۆ خەڵکی دەرەوەی ویلایەتەکە دابنێن. ئەم سیاسەتە نوێیە دوای ئهوه هات، كه زیاتر له (50) ههزار کەس له دهرهوهی فلۆریدا ڤاكسینیان له ویلایهتهكه وهرگرتووه.
ئەم ژمارەیە، (50) ههزار کەس، دەبێتە رێژهی (3.4٪)ی سەرجەم ڤاکیسینەکانی بۆ ئەم ویلایەتە دابینکراون، کە رێژەیەکی کەمە و کاریگەریی زۆری لەسەر رەوشی خەڵکی فلۆریدا نابێت.
شارەکانی ئەمهریکا بە گشتی، چەند گەڕێک لە ڤاکسین بەپێی ژمارەی دانیشتووانی پێگهیشتوو له رووی تهمهن، لە حکومەتی فیدراڵی وەردەگرن و ستراتیژیەتی دەستنیشانکردنی بەشی هەر شارێک بە پلان دادەڕێژرێت، بەڵام هەندێک لە هاووڵاتیان بۆئهوهی زووتر بە ڤاکسین بکوترێن، به گوتهی مامۆستایهكی زانكۆ، "ئەم پلان و ستراتیژیەتە دهشێوێنێن".
گەشتیارانی ڤاکسین، هێزی دارایی خۆیان بەکار دەهێنن، بۆ پەیداکردنی هەلێکی نادادپهروەرانە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، "د. کەیل فێرگوسۆن"، پرۆفیسۆر لە بەشی ئیتیکی پزیشکی لە زانکۆی نیویۆرک گوتی: "هەندێک کەموكوڕی و خاڵی نەرم لە سیستەم و پلانەکەدا هەیە و هاووڵاتیان بۆخۆیان دەیقۆزنەوە، دەبوایە ئەوانەی زیاتر شایەن و پێویستییان بە کوتانه، لە سهرهتادا ڤاکسین وەربگرن، بەڵام کە خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین گەشت بکەن، ئەوان پلانەکە دەشێوێنن و لە پشکی خەڵکی شارێکێ دیكه ڤاکسین وەردەگرن".
گەشتیاری ڤاکسین، هەندێک مەترسیش لەخۆدەگریت، بە تایبەتی بۆ نەخۆشەکان، "ئەگەر ژهمێکی ڤاکسین بە کەسێک درا، رەنگە ئەو کەسە نەتوانێت ژهمی دووەم بەدەستبهێنێت، لێرە کێ بەرپرسە؟".
د. ویلفرسون به پرسیارهوه گوتیشی: "گەشتکردن بۆ شوێنی دوور، بۆ وەرگرتنی ژهمێکی ڤاکسین، مەترسی لەسەر نەخۆشەکان درووست دەکات، بەڵام زۆر لە خەڵکی، باری گرانی گەشتکردن هەڵدەگرن، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەنجامی تووشبوون بە کوڤید–19 دەترسن، بۆیە سنوورەکان دەبڕن."
سەرچاوە: گاردیانی بهریتانی
د.ی