ئێران بەردەوامە لە بەسەربازیكردن لە سووریا.. 18 ھەزاركەسی دیكەی چەكدار كردووە

وێڕای ھەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ لاوازكردنی بوونی ئێران لە سووریا بە بەئامانجكردنیان، یاخود بە بەھێزكردنی رۆڵی رووسیا لەوێ، كەچی ئەو بەسەربازكردنە ھەیە
ئاڵای حزبوڵڵا لە قەلەموون لە سووریا
ئاڵای حزبوڵڵا لە قەلەموون لە سووریا

K24 – ھەولێر:

ئێران بەردەوامە لە بەسەربازیكردن بۆ بەرژەوەندی میلیشیاكانی سەر بە خۆی لە  سووریا، وەك ھەوڵدانێك بۆ بەھێزكردنی ھەبوونی خۆی لە نێو خاكی سووریادا، رووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختی كردووەتەوە لەوەی لەم دواییەد 18 ھەزار كەس چونەتە نێو ئەو ملیشیایانە.

ئەم بەسەربازكردنە لە كاتێكدادایە،  ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ لاوازكردنی ھەبوونی ئێران لە سووریا و فشارخستنەسەری بۆ كشانەوە لە خاكی سووریا، جا  ئەم ھەوڵانە چ بەڕێگای بەئامانجكردنە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بێت یان بە بەھێزكردنی رۆڵی رووسیا لە ناوچەكانی ھەژموونی میلیشیاكانی ئێران.

سەركردەكانی ھێزە ئێرانییەكان و میلیشیاكانی سەر بە ئەو بەردەوامن لە كاری بەسەربازیكردن، بەتایبەتی لە باشووری سووریا و ناوچەی رۆژئاوای فورات، بەڕێگای بەكارھێنانی چەكی دەستكراوەیی ماددی و یاریكردنی بەرده‌وام لە سەر پەتی ئایینی و ئایینزا.

ئەم كارانە لە شاری میادین و دەوروبەری گوندەكانی و ناوچەی ئەلبوكەمال و گوندەكانی دێرەزوور لەرۆژئاوای رووباری فورات ئەنجام دەدەن. ئەو بەسەربازیكردنە لە نێو چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت "سەرایا عەرین"ی سەر بە "لیوای 313" ئەنجام دەدرێت لە باكووری دەرعا، ئەمە جگە لە ناوەندی دیكە لە ئەللوجات و ناوچەی دیكە لە گوندەكانی ده‌رعا، خان ئەرنەبە و شاری بەعس لە گوندەكانی قنەیتەر لە نزیك سنووری لەگەڵ جۆلان.

بەپێی داتاكانی روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ژمارەی "چەكداركراوان" لە ریزی ئێرانییەكان و میلیشیاكانی سەر بە ئەو لە باشووری سووریا بۆ 9600 كەس بەرزبووەتەوە. ھەروەھا ژمارەی گەنج و پیاوانی سووریا لە تەمەنی جیاوازدا ئەوانەی چوونەتە ریزی ھێزەكانی ئێران و ملیشیاكانی سەر بە ئەو لەم ماوەی داواییدا لە ناوچەی رۆژئاوای رووباری فورات لە گوندەكانی دێرەزوور گەیشتە 8350 كەس.

روانگە جەختیكردەوە لەوەی میلیشیاكانی ئێران بەمەبەست كاری بەسەربازیكردنیان لەو ناوچانە چڕكردووەتەوە و سەرقاڵبوونی رووسیایان بە رێككەوتنەكان لەگەڵ توركیا لە باكووری سووریا بەتەواوی قۆستووەتەوە.

سەرچاوە: "العربیة نیت"