گەنجێک بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ هەموو شتێکی لەبارەی کۆرۆنا بیرچووەتەوە

جۆزێف فلاڤیل
جۆزێف فلاڤیل

K24- هەولێر:

گەنجێک لە بەریتانیا، ماوەی نزیکەی یەک ساڵ لە بێهۆشیدا دەبێت، ئێستا کە بە ئاگا هاتووەتەوە، هیچ شتێک لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نازانێت.

جۆزێف فلاڤیل، خەڵکی شاری ستافۆردشیرە و تەمەنی 19 ساڵە، ئاداری ساڵی رابردوو، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ، لە نەخۆشخانە بێ هۆش کەوت، دوای نزیکەی 12 مانگ، جارێکی دیکە بەهۆش هاتووەتەوە.

لە ماوەی بێهۆشییەکەی، ئەو گەنجە دوو جار تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە لە نەخۆشخانە، بەڵام هەردوو جارەکە ڤایرۆسیەکەی تێپەڕاندووە.

لە کاتی بەهۆش هاتنەوەی، گەنجەکە دووچاری سەرسوڕمان بووە کە خێزانەکەی لە رێگای ئینتەرنێت قسەیان لەگەڵ کردووە، چونکە ئەو گەنجە بەهۆی زەبری مێشکی، هیچ شتێکی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەبیر نییە.

دواتر خێزانەکەی و پزیشکەکان، راوێژیان لەگەڵ کردووە و باسی رووداوەکانی ساڵی رابردوویان بۆکردووە.

گەنجەکە بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی گوتووە، پێش ئەوەی دووچاری ئەم رووداوە بم، ژیان زۆر ئاسایی بوو، هەموو وەرزشێکم دەکرد و بۆ هەموو شوێنێک دەچووم، بەڵام ئێستا هەموو شتەکان جیاوازن.

هەروەها دایکی جۆزێف دەڵێت، بۆ کوڕەکەم سەختە لەگەڵ ئەو هەموو رێکار و گۆڕانەی ژیان هەڵ بکات، ئێمە هەوڵ دەدەین لە رووی دەروونی هاوکاری بکەین.