وەزیری پێشووتری دارایی عێراق رەخنەی تووند لە پەرلەمان و لیژنەی دارایی دەگرێت

بەسە یاریکردنتان لەسەر پەتی مەزهەبگەرایی و "رەگەزپەرستیی ناشیرن و جیاکاری"
وێنەیەکی ئەرشیڤیی هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق
وێنەیەکی ئەرشیڤیی هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دارایی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری پێشووتری دارایی عێراق لەبارەی رێکنەکەوتنی لیژنەی دارایی و شاندی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لەماوەی چەندین کۆبوونەوەی رابردوو لەسەر بودجەی 2021ـی عێراق دەڵێ: پەرلەمان لەڕووی دەستوورییەوە بۆی نییە یاری بە بودجە بکات.. بۆیە با بەس بێت رەگەزپەرستییە ناشیرینەکەتان.

هۆشیار زێباری کە لەماوەی دوو ساڵدا (2014 بۆ 2016) وەزیری دارایی عێراق بوو، شەوی رابردوو (چوارشەممە، 3ـی شوبات/فێرایەری 2021) لە رێگەی پۆستێکەوە لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رەخنەی تووندی ئاراستەی پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گرت.

وەزیری پێشووتری دارایی عێراق لە گوتەکانیدا پشتی بە دەستووری عێراق بەستووە و دەڵێ "سەبارەت بەو مشتومڕەی ئێستا، لەبارەی یاسای بودجە 2021 کە لە حکومەتەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، ماددەی 62ـی دەستوور زۆر روونە کە دەڵێ:

یەکەم: ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاسای بودجەی گشتی و حیسابی کۆتایی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ پەسەندکردنی.

دووەم: ئەنجوومەنی نوێنەران مافی ئەوەی هەیە بەند و بەشەکانی بودجەی گشتی بگۆڕێت و بڕی گشتی کەمبکاتەوە و لەکاتی پێویستدا پێشنیار بکات کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕی گشتیی خەرجکراو زیاد بکات.

هەروەها دەڵێ "ئەمانە سەڵاحیاتی ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنەی دارایین و بەهیچ جۆرێک مافی ئەوەی نییە یاری بە بودجە بکات و گۆڕانکاری تێدا بکات بەپێی دەستوور. ئەوەی ئێستا روودەدات، بازدانە بەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، کە بنچینەی سیستەمی دیموکراسییە. دەستوەردانی پەرلەمان لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری و داد کارێکی شەرمەزارانەیە و لە زۆربەی وڵاتان نادەستووری و نادیموکراسییە و دەبێت سنوورێکی بۆ دابنرێت، لەبەرئەوەی سیستەمەکەی ئێمە دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواوە، کە سیستەمی حوکمکردن تێیدا، کۆماری پەرلەمانی، دیموکراسییە و ئەو دەستوورەش تاکە گەرەنتی یەکێتیی عێراقە".

گوتەکانی هۆشاری زێباری لەکاتێکدان دوای چەندینجار کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەربڕینی ئامادەیی تەواو بۆ رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور، شاندەکە و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ریکنەکەوتوون.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بۆ دوایینجار بچێتەوە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆببێتەوە، پێش ئەوەی پرۆژەبودجەی 2021ـی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمەش وەک دوادەرفەتێک سەیردەکرێت بۆ دابینکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان.

هۆشیار زێباری لە کۆتاییدا دەڵێ "ناکرێت ئەندامپەرلەمانانی بەڕێز بە ئارەزووی خۆیان یاری بە بودجە بکەن لەڕێگەی ئینتمایی سیاسی و تائیفییان، دەبێت دادپەروەری و دابینکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان بەبێ جیاکاریی سیاسی و رەگەزپەرستی بهێنرێنە دی، ئەگەر بمانەوێت دەوڵەتێکی مەدەنی و دادپەروەر بنیادبنێین لەسەر بنەمای هاونیشتمانیبوون و هاوبەشی. بەسە یاریکردنتان لەسەر پەتی مەزهەبگەرایی و "رەگەزپەرستیی ناشیرن و جیاکاری".