ئۆباما یاسایه‌كی نوێی وڵاته‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد
K24 - هه‌ولێر:
باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، واژۆی له‌سه‌ر پرۆژه یاسای پاراستنی نهێنی بازرگانی ئه‌مه‌ریكا كردوو راشیگه‌یاند، ئه‌م یاسایه كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووری ئه‌مه‌ریكا، چونكه یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئابووری وڵات ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه له‌داهێنان و نوێبوونه‌وه‌داین كه‌چی كێبركێكاران هه‌وڵی دزین و قۆرخكردنی ده‌ده‌ن.
ئۆباما گوتی: "یه‌كێك له دیارترین خه‌سڵه‌ته‌كانی ئابووری ئێمه نوێبوونه‌وه‌و داهێنانی به‌رده‌وامه، هه‌میشه خزمه‌تگوزاری نوێ و كه‌لوپه‌لو به‌رهه‌می نوێی ته‌كنه‌لۆژی به‌رهه‌م دێنێ، به‌لام به‌داخه‌وه زۆربه‌ی كات ئه‌وانه‌ی كێبركێمان ده‌كه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی كێبركێیه‌كی راسته‌قینه له‌گه‌ل ئێمه‌دا بكه‌ن، هه‌وڵی دزینی بیرۆكه‌و نهێنی بازرگانیمان ده‌ده‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌مه‌ش مانای له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌تی كار‌و بازاڕ و سه‌روه‌ری ئه‌مه‌ریكایه، سوپاسی ئه‌ندامانی كۆنگرێس ده‌كه‌م بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌و یاسایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین لێپرسینه‌وه له‌و كه‌سانه بكه‌ین كه هه‌وڵی دزینی نهێنیه‌كانی بازرگانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ن".