له‌ شه‌قڵاوه‌ سه‌رجه‌م زه‌وی و خانووه‌ زیاده‌ڕۆكان تاپۆ ده‌كرێن

ھاووڵاتییان بە چوار قۆناغ دەبنە خاوەنی تاپۆ
تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی شەقلاوە
تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی شەقلاوە

K24 – ھەولێر:

تاپۆكردنی زەوی و خانووی زيدەڕۆ لە سنووری قەزای شەقڵاوە ماوەی چەند مانگە دەستیپێكردووە و سەرۆكایەتی شارەوانی ئەو قەزایە باسی ھەوڵی جددی شارەوانی دەكات بۆ تاپۆكردنی  خانووە زیدەڕۆكان.

زێدەڕۆیی لە سنووری قەزای شەقڵاوە لە چەند ساڵی رابردوودا بووەتە دیاردە بەشيوەيەك وەك خەڵكی ئەو قەزایە باسی دەكەن، تەنانەت زێدەڕۆیی لە گۆڕستانه‌كانیش دەستیپێكردوە،  شارەوانی ئەو قەزایەش لە چەندین ھەڵمەتدا دەستیانكردووە بە تێكدانی ئەو زەوییانە، ئەم بەشە دەكەوێتە سنووری ماستەر پلانی شەقڵاوە و بە گوتەی بەڕێوبەری تەكنیكی و ھونەری سەرۆكایەتی شارەوانی شەقڵاوە، تاپۆكردنی ئەو خانووانە دەستیپێكردوە و بە (4) قۆناغ خاوەن موڵكەكان دەتوانن دوای ناو نووسین؛ ببنە خاوەنی تاپۆكه.

شاخەوان عەزیز، سەرۆكی شارەوانی قەزای شەقڵاوە گوتی: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، زیاتر لە (1750) كەس بۆ تاپۆكردنى خانووەكانيان سەردانی شارەوانیان كردووە.

بە گوێره‌ی یاسای ژمارە (3)ـی ساڵی (2019) ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو خانوو و زەویانەى، كە زێدەڕۆن، دەبێت كار بكرێت بۆ تاپۆكردنیان و لە سنووری قەزای شەقڵاوەش، كە بەشێكی زۆری خانوو و زەوییەكان زێدەڕۆیە ھەڵمەتی بە تاپۆكردن دەستیپێكردووە و ھاووڵاتیانى سنووری ئەو قەزایە بە چەند قۆناغ و بە پێی رێنماییەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی زەوی و خانووەكانیان تاپۆ دەكرێت.