مه‌سرور بارزانی: حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده به پشتگیری له تووشبووانی شێرپه‌نجه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی تووشبووانی شێرپه‌نجه‌یه و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، "مه‌سرور بارزانی"، به‌و بۆنه‌یه‌وه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی تایبه‌ت به چیرۆكی ژنه تووشبوویه‌كی شێرپه‌نجه‌ی بڵاوكرده‌وه و پشتیوانی خۆی بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه دووپاتكرده‌وه و رایگه‌یاند، "ساڵی رابردوو بەبڕی زیاتر لە (60) ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانمان کردووە لە سندوقی شێرپەنجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینكردنی ئەو سەرچاوانەی پێویستن بۆ تیمەکانی پزیشکی تاکو چارەسەری شێرپەنجەی پێبکەن، وێڕای دروستكردنی بنكه و سەنتەری پێشکەوتوو و دەستەبەرکردنی كه‌لوپه‌ل و دەرمان".
چواری شوبات، رۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌یه. بۆ یه‌كه‌مجار له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌زاره‌یه‌دا، له كۆنگره‌ی "پاریس"، یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و رۆژه داوه. له (2009)دا یه‌كێتییه‌كه به درووشمی "منداڵێتی خۆم به‌و په‌ڕی چالاكی و ته‌ندرووستییه‌وه خۆش ده‌وێت" هه‌ڵمه‌تێكی جیهانی بۆ بنبڕكردنی ئه‌و نه‌خۆشییه راگه‌یاند.
له (2011)دا، ته‌ندرووستی جیهانی به درووشمی "شێرپه‌نجه.. ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێت" هه‌ڵمه‌تێكی جیهانی راگه‌یاند و له (2016)دا هه‌ڵمه‌ته‌كه له ژێر درووشمی "ئێمه ده‌توانین.. من ده‌توانم" بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ راگه‌یه‌ندرا. هه‌روه‌ها له (2019)دا هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌ی سێ ساڵه تا (2021) له ژێر درووشمی "من.. ئه‌نجامی ده‌ده‌م" هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی راگه‌یاند.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته جیهانییه‌دا، له زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان چالاكی پشتیوانی بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه، په‌یامێكی پشتیوانی بۆ تووشبووانی شێرپه‌نجه بڵاوكرده‌وه.
له په‌یامه‌كه‌یدا، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هاوپێچ كراوه، كه "ژاڵه" ته‌مه‌ن (30 ساڵ)، باس له تووشبوونی به نه‌خۆشییه‌كه ده‌كات و هاوكات وره‌به‌رزی خۆی ده‌رده‌بڕێت له هه‌مبه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی تووشی بووه.
"ژاڵه"، دایكی دوو منداڵه و یه‌كێك له منداڵه‌كانی ته‌مه‌نی ته‌نیا دوو ساڵه و گه‌وره‌كه‌ی شه‌ش ساڵانه. ئه‌و گوتی: منداڵه‌كانم سه‌ردانم ده‌كه‌ن، ده‌زانن نه‌خۆشم، به‌ڵام ئه‌وان نازانن شێرپه‌نجه چییه. "دێن بۆ لام و ماچم ده‌كه‌ن"، ئه‌مه قسه‌ی ژاڵه‌یه، كه ئێستا له سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه له ژێر چاره‌سه‌ری پزیشكیدایه و تێچووی چاره‌سه‌ره‌كه‌شی به خۆڕاییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی دكتۆر "بێستوون سه‌یفه‌دین" پزیشكی پسپۆڕی چاره‌سه‌ری له سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه باسیكرد.
له هه‌رێمی كوردستان پێشتر، هه‌ر تووشبوویه‌كی شێرپه‌نجه بۆ چاره‌سه‌ر ده‌بوایه روو له وڵاتانی ده‌ره‌وه بكات، به‌ڵام ئێستا سه‌نته‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه له شاره گه‌وره‌كانی هه‌رێم كراونه‌ته‌وه و چیدیكه تووشبووانی ئه‌و نه‌خۆشییه پێویست ناكات بچنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ره.
"دكتۆر بێستوون"، باسی له‌وه‌كرد، كردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌نته‌رانه زۆر گرنگه بۆ خه‌ڵكی كوردستان، چونكه هه‌موو چاره‌سه‌رێكی پێویست بۆ نه‌خۆشییه‌كه دابین كراوه و تێچووی چاره‌سه‌ره‌كه‌ش له ئه‌ستۆی حكومه‌ته.
"مه‌سرور بارزانی"، له تویته‌كه‌یدا، نووسیویه‌تی: "حكومه‌ته‌كه‌م پابه‌نده به پشتگیریكردنی تووشبووانی وه‌ك ژاڵه و خێزانه‌كه‌ی"، كه دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌و پشتیوانییه‌یه حكومه‌ت بۆ سه‌نته‌ره‌كانی شێرپه‌نجه ده‌یكات.
سه‌رۆك وه‌زیران په‌رۆشی خۆی بۆ ته‌ندرووستی هاووڵاتیانی هه‌رێم به گشتیی و تووشبووانی شێرپه‌نجه ده‌ربڕیوه و نووسیویه‌تی: "له رۆژی جیهانی شێرپه‌نجه‌دا، بیروهۆشم لای ئه‌وانه‌یه له شێرپه‌نجه رزگاریان بووه. ئه‌وانه‌شی، كه دووچاری ئه‌و نه‌خۆشییه بوون و له ململانێدان له‌گه‌ڵیدا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به‌و هۆیه‌وه لێمان دابڕاوون و به‌جێیان هێشتووین".
ئه‌و نه‌خۆشییه دووه‌م هۆكاری ماڵئاواییه له ژیان و له جیهاندا و ساڵانه ملیۆنان كه‌س به‌و هۆیه‌وه خه‌ونه‌كانیان به سه‌وزی به جێ ده‌هێڵن. به گوێره‌ی ئامارێكی (2018)، (9.6) ملیۆن كه‌س جیهانیان بۆ زیندووان به‌جێهێشتووه و هه‌ریه‌ك له شه‌ش حاڵه‌ته‌كانی كۆچی یه‌كجاره‌كی به هۆی شێرپه‌نجه‌وه بووه. له‌و ژماره‌یه‌ش (%22)ی به هۆی جگه‌ره‌كێشانه‌وه بووه.
رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی بڕوای وایه، ده‌توانرێت به رێژه‌ی (%40) خۆپارێزی له تووشبوون به حاڵه‌ته‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه بكرێت له رێگه‌ی:
* ده‌سته‌به‌ركردنی ژینگه‌یه‌كی خاڵی له دووكه‌ڵ بۆ منداڵان.
* چالاكی وه‌رزشی، خواردنی ته‌ندرووست، دووركه‌وتنه‌وه له قه‌ڵه‌وی، به تایبه‌تی له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا.
* دووركه‌وتنه‌وه له به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆ به تیشكی خۆر.
* رێكخستنی واده‌ی خه‌وتن و چالاكییه‌كانی رۆژانه.
* دووركه‌وتنه‌وه له جگه‌ره كێشان و خواردنه‌وه‌ی مه‌یی و مادده هۆشبه‌ره‌كان و مادده زیانبه‌خشه‌كان.
وه‌ك پزیشكه‌كان ئاماژه‌یان پێكردووه، وره‌به‌رزی نه‌خۆش و دۆشدانه‌مان و بێ ئومێد نه‌بوون له چاره‌سه‌ر، رێگه‌یه‌كی گرنگه بۆ زاڵبوونی توانای به‌رگری جه‌سته‌ی تووشبوو به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌دا.
"ژاڵه" له قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ی وت، كه زۆر "وره‌ی به‌رزه" و گوتیشی: "سه‌ره‌تا كه چاره‌سه‌رم وه‌رده‌گرت، ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بووم، به‌ڵام دواتر باشتر بووم، پزیشكه‌كه‌م هه‌میشه ئومێدم ده‌داتێ، به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه رووبه‌ڕووی بوومه‌ته‌وه. له‌به‌ر خاتری منداڵه‌كانم شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشییه‌دا ده‌كه‌م".
"ژاڵه" ئێستا، له ژێر چاره‌سه‌ری پزیشكییه و له یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌یه، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دایمه‌زراندوون و سندووقێكیشی تایبه‌ت كردووه، به ته‌رخانكردنی بودجه‌ی چاره‌سه‌ر و به‌ڕێوبردنی ئه‌و سه‌نته‌رانه.
له‌و باره‌یه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له رێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "ئینستاگرام" زیاتر له‌وه‌ی له "تویته‌ر" بڵاویكردبوویه‌وه، باسی له هه‌وڵه‌كانیان بۆ پشتیوانیكردن له تووشبووانی شێرپه‌نجه كردووه و نووسیویه‌تی: "ساڵی رابردوو (2020)، بەبڕی زیاتر لە (60) ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانمان کردووە لە سندوقی شێرپەنجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینكردنی ئەو سەرچاوانەی پێویستن بۆ تیمەکانی پزیشکی تاکو چارەسەری شێرپەنجەی پێبکەن، وێڕای دروستكردنی بنكه و سەنتەری پێشکەوتوو و دەستەبەرکردنی كه‌لوپه‌ل و دەرمان".
ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان كراونه‌ته‌وه، بوونه‌ته وێستگه‌ی ژیان بۆ هه‌زاران تووشبووی شار و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، كه به هۆی خراپی ره‌وشی كه‌رتی ته‌ندرووستییه‌وه، له عێراق، ناچار ده‌بن روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و له‌و سه‌نته‌رانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دایمه‌زراندوون چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
له‌و باره‌یه‌وه، "مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسیویه‌تی: "دەزانین تووشبووانی شێرپه‌نجه پێویستییان بە پشتیوانی ھەمەلایەنە هەیە، بۆیە لەم سەنتەرەدا خزمەتگوزاریی تەندروستی بێ بەرامبەرە و نەخۆشەکانی ناوچەکانی تری عێراقیشی تێدا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. له كاتی پێویستیشدا یارمەتی ماددی پێشکەش نەخۆشان دەکرێت".
داڕشتنه‌وه:ئ.ر