فۆرین ئەفیرز: ئێران تەنھا دۆسیەیەی ئەتۆمی نییە

"ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت ئامانجەكانی دژ بە ئێران بپێكێت، دەبێت دۆسیەی مافی مرۆڤ بكاتە پرسی ناوەندی"
ئێران و مافی مرۆڤ و ئەمەریكا دەبێتە دۆسیەكی دیكەی نێوانیان؟
ئێران و مافی مرۆڤ و ئەمەریكا دەبێتە دۆسیەكی دیكەی نێوانیان؟

K24 – ھەولێر:

گۆڤاری "فۆریەن ئەفیەرس"ی ئەمەریكایی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە لە سەر گرنگی بایەخدانی ئیدارەی نوێ ئەمەریكا بە مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، نەك تەنھا بە دۆسیەی ئەتۆمی.

راپۆرتەكە بەوە دەستیپێكردووە، چونكە لەوانەیە سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن رێڕەوێكی دیكە بۆ سیاسەتی نوێی ئەمەریكا بەرامبەر بە ئێران دەستنیشان بكات، بۆیە باشترە، مافەكانی مرۆڤ بخاتە جەرگەی ئەجێندا ئەمەریكایه‌كه‌ی.

لەسەردەمی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەڵام لە راستیدا ئەوە ھیچ شتێكی لە واقعدا نەگۆڕی، بەپێی گۆڤارەكە.

دیپلۆماتكارە ئەورپاییەكانیش تا رادەیەكی زۆر بەرامبەر بەم پرسەیە بێدەنگیان ھەڵبژارد، سەرنجیان تەنھا لەسەر كشانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بوو لە كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی (2015) و ھەوڵدانیان بۆ نەڕووخانی ئەو رێككەوتنە.

گۆڤارەكە گوتی: "ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە واشنتن، دەرفەتی چارەسەركردنی داڕمانی رەوشی مافی مرۆڤی ھەیە لە ئێران و دەبێت ئەم دۆسیە بخرێتە نێو بازنەی بایەخدانەكانیدا".

دووشەممەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران، "مـحەمەد جواد زەریف" ناوەندگیری یەكێتی ئەوروپای لەنێوان تاران و واشنتنی خستەڕوو بۆ رزگاركردنی رێككەوتنەكە و دۆزینەوەی میكانیزمێكی "ھاوكات" بۆ ھەماھەنگی ھەنگاوەكانی ھەردوو لایەنیان.

گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، "نید برایس"، سێشەممە، وەڵامی دایەوە و گوتی: واشنتن پێیوایە ھێشتا زووە بۆ رازیبوون لەسەر پێشنیازەكە.

بەپێی گۆڤارەكە، چوار ساڵی رابردوو سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ لە ئێران زۆر تاریك بوو، ناڕازی دەربڕینی گەل زیادیكرد لە ئەنجامی داڕمانی دۆخی ئابووری و سەركوتكردنی بەردەوام لە تشرینی دووەمی ساڵی (2019)ـه‌وە، كاتێك یەك لە مەترسیدارترین ئۆپەراسیۆنی سەركوتكردن روویدا، كە چەند دەیەیەكە رووینەداوە.

بۆ سه‌ركوتی خۆپیشاندەرەكان ھێزەكانی ئەمنی "توندوتیژی ھەڕەمەكی كوشندەیان" بەكارھێنا، دوای دادگاییكردنەكانی ناڕەواكان، دادگا حوكمی زیندانیكردنی سەختی دژ بە پارێزەران و چالاكوانانی مافی مرۆڤ دەرخست و حوكمی لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی دژ بە خۆپیشاندەران و بەرھەڵستكاران دەرخست.

وێڕای ئەمەش ھێشتا جیھان تەنھا سەرنجی لە سەر دۆسیەی ئەتۆمییە، وا پیشانیدەدات، ئەوە پرسی سەرەكییە و دەبێت لەگەڵ ئێران چارەسەر بكرێت. ئەم رایەش فەرامۆشی ئەو پەیوەندییە دەكات، كە لە نێوان مافی مرۆڤ و "مەترسییە ئەمنییەكاندا" ھەیە، لەوانەش بڵاوبوونەوەی مەترسی چەكی ئەتۆمی.

ھەڵمەتی لە سێدارەدانەكانی تاران ئەنجامی دا، شەپۆلێكی شەرمەزاركردنی بەرفراوانی لە جیھان بەدوای خۆیدا ھێنا، ھەر لە ئەمەریكاوە بگرە تا دەگاتە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام سەرۆكی ئێران، حەسەن رۆحانی بەدووری بینی ئەو مەسەلەیە زیان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەوروپا بگەیەنێت.

بەپێی گۆڤارەكە، "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەتوانێت بەشێوەیەكی كارامەتر گشت بەرژەوەندییە سەرەكییە ستراتیجییەكانی خۆی جێبەجێبكات لەوەی پەیوەستە بە دۆسیەكانی ئێران، لەوانەش: چەكی ئەتۆمی، مووشەكەكان، ململانێی ناوچەكە، تیرۆر و بازاڕەكانی نەوت، ئەمیش لە میانی بەخشینی شوێنێكی ناوەندی بۆ مافی مرۆڤ لە سیاسەتی دەرەوەیدا".