تاڵیبان: چاوخشاندنەوە بە رێككەوتنی دەوحەدا دەكەین، ئەگەر ئیدارەی بایدن پێشێلی بكات

بەشێكی رێككەوتنەكە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، پێكھێنانی حكومەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان دەگرێتە خۆی
بزووتنەوەی تالیبان: ئەگەر ئێدارەی بایدن پێشێلی رێككەوتنەكە بكات، ئێمە چاو بەھەڵوێستی خۆماندا دەخشێنینەوە
بزووتنەوەی تالیبان: ئەگەر ئێدارەی بایدن پێشێلی رێككەوتنەكە بكات، ئێمە چاو بەھەڵوێستی خۆماندا دەخشێنینەوە

K24 – ھەولێر:

بزووتنەوەی "تاڵیبان"ی ئەفغانی رایگەیاند، چاو بە رێككەوتنامەی دەوحە لەگەڵ ئەمەریكادا دەخشێنێتەوە، ئەگەر ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن پێشێلی بكات.

سوھەیل شاھین، گوتەبێژ بە ناوی نووسینگەی بزووتنەوەكە لە دەوحە گوتی: "ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ تەنھا چوار ساڵ نەكردووە، بەڵكو رێككەوتنێكمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و سیستەمە دەسەڵاتدارەكەیدا كردووە، ئێمە پابەندین بە رێككەوتنەكە و لە حاڵەتێكدا لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە پێشێل كرا، ئەوە ئێمە ھەڵسەنگاندن بۆ ھەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە".

لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە تاران، گوتەبێژ بە ناوی نووسینگەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحە گوتیشی: بزووتنەوە لە حاڵەتی مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا دوای (14) مانگ بە "داگیركار"ی ئەفغانستانی دادەنێت. ئاماژەشیكرد، بزووتنەوەكە "بۆ ماوەی (20) ساڵ شەڕی ھێزەكانی ئەمەریكایان كرد و لە حاڵەتی مانەوەیاندا بەردەوام دەبێت لە شەڕكردن لەگەڵیاندا".

شاھین جەختیكردەوە، لەوەی بەشێكی رێككەوتنەكە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان، پێكھێنانی حكومەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان دەگرێتە خۆی. گوتیشی: "ئەمە واتای ئەوەیە، حكومەتی ئێستای كابوڵ ھەڵدەوەشێتەوە و حكومەتێكی نوێ پێكدەھێنرێت، ئەم حكومەتە بەڕێگای دانوستان نامێنێت و دەڕوات، حكومەتێكی نوێ پێكدەھێنرێت بەڕێگای دانوستان لەگەڵ كۆمەڵە جیاجیاكانی ئەفغانستان.

ئیدارەی جۆ بایدن، بە حكومەتی ئەفغانستانی راگەیاندبوو، نیازی وایە پێداچوونەوە بەو رێككەوتنەدا بكات، ئەوەی لە رێكەوتی (20ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020) لە نێوان واشنتن و بزووتنەوە واژووكرا.

سەرچاوە: "RT"