ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی سەرۆكی میانمار دەكات

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش جەختیانكردووه‌تەوە لە سەر پێویستی بەردەوامبوون لەسەر پشتیوانی لە گۆڕانی دیموكراتی لە میانمار
ئۆن سان سوچی
ئۆن سان سوچی

K24 – ھەولێر:

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، "نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە راگەیاندنی حاڵەتی لەناكاو لە میانمار لە لایەن سوپاوە" و دواشیكرد دەستبەجێ سەركردەی میانمار، ئۆنگ سان سۆچی و ئەوانەی كە لە دوای كودەتاكە گیراون، ئازادیان بكات.

دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجوومەندا لە راگەیاندراوێكدا، كە گشت لایەنەكان پەسندیانكرد، گوتیان: "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش جەختیانكردووه‌تەوە لە سەر پێویستی بەردەوامبوون لەسەر پشتیوانی لە گۆڕانی دیموكراتی لە میانمار".

رۆژی دووشەممەی رابردوو، سوپا دەستی بەسەر فەرمانڕەوایی میانماردا گرت و ئۆن سان سوچی لە پایتەخت (نایبیداوە) لەگەڵ سەرۆكی لەكار لابردراو، وین مینت و ئەندامانی دیكەی حكومەت دەستبەسەركران.

دوای ئەوەی دەسەڵاتیان گرتەدەست، سوپا حاڵەتی لە ناكاوی لە وڵاتدا راگەیاند و كۆنترۆڵكردنی وڵاتی دایە دەست سەرۆكی گشتی ھێزەكانی چەكدار، مین ئۆنگ ھلاینگ، كە ناوی ئەندامانی نوێی حكومەتەكەی لە درەنگانێكی رۆژی دووشەممە راگەیاند و بەڵینی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دا لە میانی ساڵێكدا.

سەرچاوە: رۆیتەرز