ئیدارەی بایدن تورکیا لە دەرەوەی پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دەهێڵێتەوە

ئەمەریکا داوا لە ئەنقەرە دەکات سیستەمی S-400 نەهێڵێت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، خۆی ئەو هەشت فڕۆکە جەنگییەی F-35Aـەی کڕیەوە، کە بە زیاتر لە 861 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا دروستکرابوون
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، خۆی ئەو هەشت فڕۆکە جەنگییەی F-35Aـەی کڕیەوە، کە بە زیاتر لە 861 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا دروستکرابوون

K24 - هەولێر

ئیدارەی بایدن، هاوشێوەی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی گەشەپێدانی فڕۆکەی جەنگیی F-35، داواش لە ئەنقەرە دەکات سیستەمی S-400 نەهێڵێت.

بەرپرسانی پێنتاگۆن، تورکیای هاوپەیمانی ناتۆیان لە هاوپەیمانیی F-35 دەرکرد، بەهۆی ئەوەی تورکیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ـی لە رووسیا کڕی، ئەمەش بە گوتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکا، زانیارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە.

ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێی وابوو: ئەو فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووە، ناکرێت لەگەڵ سیستەمێکی دژەمووشەکی لەلایەن یەک وڵاتەوە هەبن، لەکاتێکدا سیستەمەکە دیزایینکراوە تاوەکو ئەو جۆرە فڕۆکانە بخات.

جۆن کێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی هەینی (5ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "هەڵوێستمان نەگۆڕاوە... S-400 لەگەڵ F-35 ناگونجێت و ئەندامیێتیی تورکیا لەو پرۆگرامە هەڵپەسێردراوە".

کێربی ئاماژەی بەوە دا ئەمەریکا داوا لە ئەنقەرە دەکات سیستەمی S-400 نەهێڵێت، کە لە 2019ـەوە بە تورکیا گەیشتووە، لەبری ئەوە وەبەرهێنان لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت بکات کە ئەمەریکا دروستی دەکات.

تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو سیستەمە رووسیەی کڕیوە، بەهۆی ئەوەی نەگەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن بۆ کڕینی سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکی.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، خۆی ئەو هەشت فڕۆکە جەنگییەی F-35Aـەی کڕیەوە، کە بە زیاتر لە 861 ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا دروستکرابوون.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کانوونی دووەم/یەنایەرـی ئەمساڵ ئاماژەی بەوە دابوو هیواخوازە لەگەڵ ئیدارەی بایدن بگەنە چارەسەرێکی ناوەندی کە رێگەبدات تورکیا بچێتەوە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی F-35، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و تورکیا سنووردارن.

ئەنقەرە، رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا و جەیک سۆڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە "ویستی هەردوو وڵات بۆ بوونی پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوام کردووە".