قوباد تاڵەبانی: داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵی نادەستوورین

"لایەنە عێراقییەکان مەینەتیی شارەکانی ناوەڕاست و باشوور دەخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش پێچەوانەی راستییەکانە"
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵی نادەستوورین و هەولێر دەیەوێت تەواوی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ناوەندی هەواڵی نیشتمانی (ـی عێراقی) روونیکردووەتەوە؛ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ئامادەیە تەواوی پابەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکات، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێ بەغدا مافەکانی هەرێمی کوردستان بدات.

لە چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ ماڵپەڕە عێراقییەکە، پرسیاری ئەوە لە قوباد تاڵەبانی کراوە "ئایا هەموو سەرچاوەکانی نەوتی هەرێم بە یەک ئیدارەی سەر بە حکومەتی فیدراڵی دەبەسترێتەوە؟"، لە وەڵامدا قوباد تاڵەبانی دەڵێ "ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە بەستنەوەی سەرجەم نەوتی هەرێمی کوردستان بە یەک ئیدارەی سەر بە حکومەتی ئیتیحادی قسەی لەبارەوە کردووە، داواکارییەکی نادەستوورییە".

قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە؛ لایەنە عێراقییەکان مەینەتیی شارەکانی ناوەڕاست و باشوور دەخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش پێچەوانەی راستییەکانە، هەروەها دەڵێ؛ ئەگەر کێشەکانی بەسڕە و شارەکانی دیکە بە دەستبەرداربوون لە شایستە داراییەکان چارەسەر دەبێت، ئەوا کوردستان ئامادەیە دەستبەرداریان بێت.

گوتەکانی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەکاتێکدان دوای چەندین کۆبوونەوە، لەگەڵ لایەنەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەولێر و بەغدا هێشتا رێکنەکەوتوون لەبارەی بودجەی گشتیی 2021ـی عێراق، هەرچەندە هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت دەکاتەوە لەوەی لە چوارچێوەی دەستوور، ئامادەیە بۆ رێککەوتن.

 

هـ.ر.