نووسەرێک بە نووسین ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە دەکات

لە ماوەی (9) ساڵی نه‌خۆشییه‌كه‌یدا، (5) ساڵی تەواوی لە نەخۆشخانە بەسەربردووە و (15) کتێبی نووسیوە
ستیڤان شەمزینی، نووسەر و رۆژنامەنووس
ستیڤان شەمزینی، نووسەر و رۆژنامەنووس

K24 – بەرلین، ئەڵمانیا:

نووسەر و رۆژنامەنووس، ستیڤان شەمزینی، ماوەی (9) ساڵە بە دەست نەخۆشی شێرپەنجەی مێشکەوە دەناڵێنێت و لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیادا چارەسەر وەردەگرێت.

ستیڤان شەمزینی، باسی لە باردۆخی خۆی لەگەڵ شێرپەنجە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە (9) ساڵی رابردوودا لە ئەڵمانیا (2) جار نەشتەرگەری بۆ کراوە و چەندین جاریش چارەسەری کیمیاوی وەرگرتووە، بەڵام بەو هۆیەی جۆری شێرپەنجەکەی قورسە و سەرهەڵدەداتەوە، تا ئێستاش بەردەوام لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.

لە ماوەی ئه‌و (9) ساڵه‌دا، (5) ساڵی تەواوی لە نەخۆشخانە بەسەربردووە. شەمزینی گوتی: "بەهەموو شێوەیەک دژ بە شێرپەنجە و مەرگ جەنگاوم و کۆڵم نەداوە و بێئومێد نەبوومە، وەک نووسەرێک هەمیشە گۆرانیم بۆ ژیان گوتووە و بەعیشقەوە سەیری ژیانم کردووە".

شێرپەنجە و نەخۆشخانە، قەڵەمی ئەو نووسەرە ناوەستێنێت، بەڵکو بە بڕشتتری كردووه‌، لە ماوەی ئەو (9) ساڵەدا، (15) کتێبی لە نەخۆشخانە نووسیوە و بەچاپی گەیاندوون، (2) کتێبی نوێشی لەژێر چاپدان.

لە ماوەی نەخۆشکەوتنیدا، هەزار لاپەڕە شیعری نووسیوە و بڵاوی کردوونەتەوە، شیعرەکانی له‌بارەی خۆشەویستی و جوانی و ژن نووسیوه‌ و بابەتی کتێبەکانیشی سیاسی و کولتووری و رۆشنبیری و شیعر و لێکۆڵینەوەی وێژەیین.

ستیڤان شەمزینی، خەڵکی شاری سلێمانی باشووری کوردستانە، خاوەنی رەگەزنامەی سویدییە و لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و چارەسەر وەردەگرێت. لە کوردستان وەک رۆژنامەنووس و نووسەر کاریکردوە و سەرنووسەری هەردوو گۆڤاری "نێوەند" و "شەپۆڵ" بووە.

د.ی