داوای وه‌لانانی ناكۆكییه‌كان و یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌كرێت

"دەستە دەرەکییەکان گرفتی بۆ یەكڕیزی نێوان لایەنەكانی کوردستان دروستکردووە"
پلاتفۆرمی کوردستان گفتوگۆی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان ده‌خاته‌ڕوو
پلاتفۆرمی کوردستان گفتوگۆی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان ده‌خاته‌ڕوو

K24 – هەولێر:

بەشێك لە لایەنە سیاسی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شاری سلێمانی جەخت لە یەكھەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەنەوە، بۆ ئەوەی سازش لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستان نەكرێت. نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، پێویستە لایەنەكان ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و یەك دەنگ و یەكھەڵوێست بن، بۆ ئەوەی دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان بپارێزین.

نوینەرانی لایەنە سیاسییەکان و ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق کۆبوونەتەوە، تا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکان و ئاستەنگ و چارەسەرەکان بکەن لە نێوان ھەولێر و بەغدا.

پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان، ئەنجامی گفتوگۆکان ئاراستەی حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان دەکات، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

بەشێک لە سیاسییەکان و نوێنەرانی کورد پێیان وایە، لە رابردوودا نەبوونی یەکدەنگی لەناوخۆی کوردستان، کاریگەری خراپی لەسەر گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق ھەبووە، بۆیە بەگرنگی دەزانن ململانێکان بەلاوە بخرێن و ھەنگاوی جیدی بنرێن، لەھەمانکاتدا رایان وایە دەستە دەرەکییەکان ھێندەی دیكە گرفتی بۆ یەكڕیزی نێوان لایەنەكانی کوردستان دروستکردووە.

پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکان، دووەمین گفتوگۆیان دەبەنە ھەولێر، لەوێشەوە پەیام و راسپاردەکانیان دەگەیەننە تەواوی لایەنەکان، تا بەزوویی کاری لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و لە بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیان یەك دەنگ و یەكھەڵوێست بن.

د.ی