لیژنەی دارایی و کازمی لەبارەی بودجەی عێراق کۆدەبنەوە

ئەحمەد سەفار باسی ئەو لایەنانە دەکات کە سوورن لەسەر ئەوەی نابێت بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە بدرێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند ئەمڕۆ لیژنەکەیان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێ ئەو گۆڕانکارییانە دەکات کە لیژنەکەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کردوویەتی.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بەشێک لە لایەنە سوننەکان، سوورن لەسەر ئەوەی نابێ بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2021ـی عێراق، پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات.

دوای ئەوەی بودجەی گشتیی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا و ناردرایە پەرلەمان، دوای نزیکەی 40 کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی عێراق چەندین گۆڕانکارییان لە پرۆژەبودجەکە کردووە و خەریکە کارەکانی لیژنەکە کۆتاییان دێت، ئەحمەد سەفار پێشبینی دەکات، کۆتایی ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت.

لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو ژماره‌یه‌ك بڕگه‌ و مادده‌ی له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند كردووه‌ و بڕی كورتهێنانیش له‌ 47% بۆ 19% كه‌مكراوه‌ته‌وه له‌ 76 تریلیۆن دینار بۆ 25 تریلیۆن، هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی قه‌رزكردن، كه‌ حكومه‌ت داوای كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ بۆ رێژەی 20%.

به‌شێكی دیكه‌ی گۆڕانكارییه‌كان بەپێی لیژنەی دارایی، ئەمانەن: زیاتركردنی بڕی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان له‌ دوو تریلیۆن دیناره‌وه‌ بۆ چوار ترلیۆن، هه‌روه‌ها زیادكردنی پاره‌ی پترۆدۆلار بۆ 500 ملیار دینار، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ی نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنن.

ئەمە لەکاتێکدایە، هێشتا هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەبودجەی 2021ـی عێراق رێکنەکەوتوون.

هـ.ر.