قوباد تاڵەبانی: سلێمانی مانگانه‌ پێویستی به‌ 400 ملیۆن دۆلاره‌ و ته‌نیا سەدا 11 نه‌وتی لێیه‌

"رێککەوتنی 50 ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنیا بۆ گواستنەوەی نەوتە"
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان - فۆتۆ: ئەژی عومەر
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان - فۆتۆ: ئەژی عومەر

K24 – ھەولێر:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە بەغدا لە باشترین حاڵەتدا تەنیا 5% داهاتەکانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و رەتیشی دەکاتەوە کە رێککەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی نەوت بێت و دەڵێت ئەو رێککەوتنە لە چوارچیوەی رێککەوتنی عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت دووپاتی ئامادەی هەرێمی کوردستانیش دەکاتەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و جێبەجێکرنی هەموو بەرپرسیارییەتییەکانی و ئاشکراشیدەکات کە مانگانە زیاتر لە 400 ملیار دینار خەرجی مووچەخۆرانی سلێمانییە و تەنیا 11% نەوتیش لە سنووری سلێمانی بەرهەم دەهێندرێت.

لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دەڵێت کە ئەو پرۆژە یاساییە دەروازەیەک بۆ گێڕانەوەی عێراق بۆ سەر رێگەی راست و گەشانەوەی ئابورییەکەی. تاڵەبانی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و ئەو دەنگۆیانە لە شەقامی عێراقی بلاوبوونەتەوە کە گوایە هەرێمی کوردستان لەسەر حسابی ناوچەکانی دیکەی عێراق خۆی دەوڵەمەند دەکات رایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە دەستبەرداری هەموو بەشە بودجەیەک بێت ئەگەر بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی عێراق بەکار بهێندرێت، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی وکردستان دەپرسێت لە باشترین حاڵەت بەغدا تەنیا 5% بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، ئایا 95% داهاتەکانی دیکەی عێراق چیان بەسەر هاتووە و عێراق چی گۆڕاوە، پێشتریش رایگەیاندبوو، کە ئەو بەشە بودجەیەی لە ساڵانی رابردوو نەنێردرایە هەرێمی کوردستان، بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقی پێ ئاوەدانکرایەوە؟ دەشڵێت کە هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان بە مەبەست دەیانەوێت راستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شەقامی عێراقی ئاوەژوو بکەن و ئێمەش نەمانتوانیوە شەقامی عێراقی لەو راستییە ئاگادار بکەنەوە کە تەنیا 5% لە بودجەی عێراق ناردراوەتە هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی بەستنەوەی راستەوخۆی سلێمانی بە بەغدا رایگەیاندووە ئایا حکومەتی ناوەندی ئامادەیە 400 ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دابین بکات لە کاتێکدا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە سلێمانی 11%ی هەرێمی کوردستان. دووپاتیشی دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور و بەرێگاچارەیەکی داپەروەرانە لەگەل بەغدا بکات، کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق و کوردستانیش بیت و قابیلی جێبەجێکرن و واقیعیش بێت.

لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی ئاشکرا دەکات کە پێشتر ئامار و داتایەکی تەواوی فەرمانبەران نەبووە، بەڵام ئێستا لە رێگەی سیستەمی بایۆمەتری ژمارەی هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران لەبەردەست و شەفاف و روونە و ئێستا 751 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازی هەیە و 242 هەزار خانەنشین و 98 هەزار مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان هەیە و 159 هەزار کەسیش سودمەندن لە چاودیری کۆمەڵایەتی. کە کۆی گشتی مووچە خۆران زیاترە لە ملیۆنێک و دووسەد و پەنجا هەزار مووچەخۆر لە کاتێکدا حکومەتی عێراق زیاتر لە 10 ملیۆن مووچەخۆری هەیە و مانگانە مووچەکەیان پێدەگات و لە ەهرێمی کوردستانیش بەزۆر دەتواندرێت مووچەی مووچەخۆران دابین بکرێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ شتێکی شاراوەی نییە و هەموو داتا و زانیارییەکانی بە شەفافانە خستووەتە ڕوو، ئاشکراشی دەکات کە ئەوان وەڵامی هەر 13 پرسیارەکەی پەرلەمانی عێراقیان داوەتەوە و سەرجەم داهاتوو خەرجییەکانیان خستووەتە ڕوو، لەبارەی داهاتەکانی نەوتیش دەڵێت کە مانگانە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیتی جیهانی دەخرێنە روو و ئاشکرا دەکرێن. لەبارەی نرخی نەوتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت بەهۆی خراپی کوالیتی نەوتەکە و زۆری کرێی تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردن نرخەکەی کەمترە. داواش دەکات کە کۆمپانیای سۆمۆ رێکبخرێتەوە و دەستەیەکی نوێ سەرپەرشتی بکات کە کوردیش نوێنەرایەتی تێداهەبێت. لەبارەی داواکاری رادەستکردنەوەی سەرجەم دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە و کە ئەو داوایە پێچەوانەی دەستورە و دەستور مافی سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوتی بە هەرێمی کوردستان داوە

قوباد تاڵەبانی لە دیمانەکەشی دا لەگەڵ رۆژنامە عێراقییەکە لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانێش دەڵێت کە رێکەکوتنیان لەگەڵ بەغدا هەیە کە چ جۆرە کاڵایەک رێگەی هاتنە ژوورەوەی پێبدرێت و هەمان تەعریفەی گومرگی لەکوردستانیش جێبەجێدەکرێت و هیچ بەهەدەردان و ناڕوونییەکان لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان نییە، لەبارەی قاچاخچییەتی دەروازەکانیش دەلێت کە لەهەموو عێراق ئەو کێشەیە هەیە و پێویستە هەمووی بەیەکەوە چارەسەر بکرێت. دەشڵێت پێویستە هەمووان کار بکەین بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە و زیادکردنی داهاتەکان.

قوباد تاڵه‌بانی، دووپاتیده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێكجار هه‌وڵده‌درێت كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا له‌ مووچه‌ و بودجه‌دا كورت بكرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی راستییه‌كانه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌، چه‌ندین مافی دیكه‌ی ده‌ستووریش هه‌ن بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌ركی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر. داواش دەکات کۆمپانیای سۆمۆ بە شێوەیەکی نوێ دابمەزرێتەوە، کە کارگێڕی پڕۆسەکانی فرۆشتن و بە بازاڕکردن بە شێوەیەکی شەفاف بێت بە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

لەبارەی رێککەوتنی 50 ساڵەی هەولێر و ئەنقەرەوە جێگری سەرۆکی حكومەت رەتیكردەوە، پەیوەست بێت بە فرۆشی نەوت، بەڵکو تەنیا گواستنەوەی نەوتە لە رێگەی بۆریەوە بە نێو خاکی تورکیا بۆ بازاڕەکانی جیهان.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، نزیکەی ساڵێکی تەواوە لەگەڵ بەغدا لە وتوێژدان و گفتوگۆکانی ئێستایان جیاواز و هەمەچەشنە، تەوەرێکی تایبەت یاخود دۆسیەیەکی تایبەت نییە، بە جۆرێک گفتوگۆکانی رابردوو پەیوەست بوو بە رێککەوتنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، بەڵام ئێستا کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانە و بڕیاری کۆتایی لای پەرلەمانە.