کازمی داوایكردووە لە پڕۆژە بودجەدا دەستكاری پشکی هەرێمی کوردستان نەکرێت

"نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببێتە قوربانی سیاسی"
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ، لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆبوونەوە، و تاوتوێی نوێترین گۆڕانکاری و پێشنیازەکانی لیژنەی داراییان لەسەر پڕۆژەیاساکە کرد.

دوای کۆبوونەوەکە، د. جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد "لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرەڕای دەستخۆشی لە ئەرک و ماندوبوونی لیژنەی دارایی، داوای کردووە، لە پڕۆژە بودجەکەدا ئەوەی پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی تێپەڕێندرێت و دەستکاری نەکرێت".

د. جەمال کۆچەر، گوتیشی: "هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردووەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان ببنە قوربانی سیاسی".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشكرد: "لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لایەنە شیعەکانیش ئێستا نەرمیان نواندووە".