ئافرەتە ئیرانییەكان بە ھۆی تەنگژەی ئابوورییەوە منداڵدانیان بەكرێ دەدەن

ھەندێك ئافرەتی كڕیاری دەوڵەمەند ژمارەیەك مەرج دادەنێن لە ھەڵبژاردنی خاوەن منداڵدان وەك كێش و تەمەن و روخساری گشتی

K24 – ھەولێر:

راپۆرتێكی ئێرانی، ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرایكرد، بەھۆی دەستكورتی و پێویستیان لە ئەنجامی تەنگژەی ئابووری، ھەندێك ژن و كچی ئێرانی منداڵدانیانی خۆیان نمایشكردووە بۆ بەكرێدان بە ھەندێك لەو ئافرەتانەی  بەدوای رێگاكانی دیكەی منداڵبووندا دەگەڕێن.

لە راپۆرتێكدا، كە رۆژنامەی "ھمشھری اونلاین" ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە، "بازاڕی بەكرێدانی منداڵدان لە ئێران گەرمی بەخۆیەوە دەبینێت و ھەندێك لە ئافرەتان منداڵدانیان بۆ بەكرێدان نمایش دەكەن بەرامبەر بە گوژمەیەكی پارە، كە دەگاتە نزیكەی 70 ملیۆن تومەنی ئێرانی".

راپۆرتەكە گوتیشی: "ئەو ژنانەی توانای منداڵبوونیان نییە، بەشێوەیەكی سروشتی بەدوای بەكرێگرتنی منداڵدانی ژنەكانی دیكەدا دەگەڕێن بۆ چاندنی تۆوی تایبەت بە پیاوكانیان". ئاماژەشیكرد، "رێككەوتنەكە خەرجییەكانی خۆراكی خاوەن منداڵدانەكە و پزیشكی چاودێر بەخۆیەوە دەگرێت تا منداڵەكە پەیدادەبێت".

راپۆرتەكە ئاماژەشیكرد، ھەندێك لە ژنە دەوڵەمەندەكانی پێویستیان بە بەكرێگرتنی منداڵدانە، زیاتر لە 70 ملیۆن تومەنی ئێرانی دەدەن، دوای ئەوەی ژمارەیەك مەرج دادەنێن لە ھەڵبژاردنی خاوەن منداڵدان و ئەو مەرجانەش: كێش و تەمەن و روخساری گشتی دەگرێتە خۆی.

راپۆرتە ھەواڵییەكانی ئێرانی جەخت لەسەر داڕمانی رەوشی بژێوی ژمارەیەك لە توێژەكانی ھاووڵاتیانی ئێرانی دەكەنەوە، لە سایەی پاشەكشەكردنی رەوشی ئابووری لەو وڵاتەدا و زیادبوونی نرخی كاڵا سەرەكییەكان لە میانی داڕمانی بەھای دراوی ناوخۆیی.

سەرچاوە: "شەفەق نیوز"