لە مەریوان یارییەكی كۆنی كوردەواری زیندوودەكرێتەوە

کۆسەکۆسە لە ماڵێکەوە دەستپێدەکات و هەموو ماڵەکانی گوند دەگرێتەوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەھۆی قەیرانی ئابووری و پەتای كۆرۆنا، دڵخۆشییەكانی خەڵك كەمبوونەتەوە، بەڵام لەناوچەی سەرشیوی مەریوان یارییەكی كۆنی كوردەواری زیندووكراوەتەوە و بزە و پێکەنینی هێناوەتە سەر زاری خەڵک.

یاری کۆسەکۆسە، یارییەکی کۆنە و سەرەتا بە هەڵپەڕکێ لە ماڵەوە دەستپێدەکات، دواتر بە هەمان وزە و جۆش و خرۆشەوە دەچنە یەک بە یەکی ماڵەکانی گوند، ئەمە لە دوای چلەی دووەمی زستان لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان دەستپێدەکات. کۆسەکۆسە یارییەکی کۆنی کوردەوارییە و زیندووکراوەتەوە.

ھەموو کوڕانی بەشداربوو لەو یارییە، دەبێت سمێڵ و ریشیان ھەبێت، ریش و سمێڵی دووانیان زۆرتر و سپیترە، ئەو دوو كۆسەیە دەبنە پێشەنگیان و شەو بەگونددا دەگەڕێن، داوای خەڵات لە ماڵان دەكەن و ئەوانیش بە مەرج پێیان دەدەن.

گەورە و بچووكی گوندەكە بیانەوێت یان نا، دەبنە بەشێك لە یاری كۆسەكۆسە. ھەموو ماڵەكان بە مەرجی گەڕێك ھەڵپەرین، خەڵاتی كۆسەكان دەكەن، ئیتر خۆشییەكان لە ماڵێكەوە دەستپێدەكات و ھەموو گوندەكە دەگرێتەوە.

دوای گەڕان و ھەڵپەركێ، كاتی ئەوە دێت بڕیارێك لەسەر دەستكەوتی شەوەكەش بدرێت، كۆسەكان بڕیار دەدەن ئەوەی دەستیانكەوتووە، بەسەر بنەماڵە ھەژارەكانی گونددا دابەشی بكەن.