ئومێد خۆشناو بە پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا

بە پارێزگاری نوێی هەولێر هەڵبژێردرا
author_image Kurdistan24
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەڵبژێردراوی هەولێر، وێنە: کوردستان24
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەڵبژێردراوی هەولێر، وێنە: کوردستان24

K24 - هەولێر

ئومێد خۆشناو، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بە 42ـەمین پارێزگاری هەولێر هەڵبژێردرا.

بە بەشداریی 23 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆی 30 ئەندام، ئەمڕۆ (دووشەممە، 8ـی شوبات/فێبرایەرـی 2021) ئەنجوومەنەکە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ کۆبووەوە و، بە دەنگی 18 ئەندام، ئومێد خۆشناو بە پارێزگار هەڵبژێردرا.

بەگشتی سێ بەربژێر لە کۆبوونەوەکە ئامادەبوون و سیڤیی هەریەکەیان خوێنرایەوە، کە ئومێد خۆشناو دیارترین بەربژێریان بوو. 

ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی بوو كە حیزبەكەی زۆرینەی ناو ئەنجوومەنەیە و رێككەوتنیشی لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكانی دیكە ھەیە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە بایکۆتکردنی نوێنەرانی: گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەستیپێکرد.

ئومێد خۆشناو پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان قسەی بۆ کوردستان24 کرد رایگەیاند "بەرنامەمان، کارنامەی حکومەتە، ئێمە جێبەجێکاری کارنامەی حکومەت دەبین، لە رووی شێوازی کارکردنیشەوە، بەدڵنیاییەوە یەکێک لە ئامانجەکانمان یەکتیمیی کارکردنە. کردنەوەی دەرگای پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکانی هەولێر بەڕووی هاووڵاتییان ئامانجێکی دیکەمانە. بەرامبەر گەندەڵکار و ئەوانەی سەرپێچیکارن، هیچ بەزەییەکمان نییە و تووند دەبین و ملکەچی خواستەکانی هاووڵاتییانی سنووری هەولێر دەبین".

 

دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگ بە پارێزگار درا و پەسند كرا، بڕیارەكە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، پاشان مەرسوومی ھەرێمی لەلایەن سەرۆكایەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ دەردەچێت و ئومێد خۆشناو وەک پارێزگاری نوێ سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەكار دەبێت.

ئەم هەڵبژاردنە دوای ئەوە دێت، فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر، بەهۆی تووشبوونی بە پەتای کۆرۆنا لە 18ـی نۆڤەمبەری 2020 گیانی لەدەستدا.

بایۆگرافیی ئومێد خۆشناو:

- ناوی تەواوی ئومێد عەبدولرەحمان حەسەنە
- یەكی حوزەیرانی ساڵی 1977 لەدایكبووە
- بەكالۆریۆسی لە راگەیاندن و رۆژنامەوانی ھەیە
- ماستەری لە یاسای گشتی ھەیە
- ئەزموونی 12 ساڵی لە بێژەری سیاسی و كاری میدیایی ھەیە
- سكرتێری پێشووی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بووە
- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بووە لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
- ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان