ئێران مەرج بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن دادەنێت
K24 – ھەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کۆتاییهاتنی شەڕ لە یەمەن پەیوەستە بە وەستاندنی هێرشی ئاسمانی سعوودیە بۆ سەر ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و مارتین گریفیس، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن لەبارەی چارەسەری قەیرانی یەمەن و کۆتاییهێنان بە شەڕ وناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەواد زەریف رایگەیاندووە، ئەگەر سعوودیە کۆتایی بە شەڕ و هێرشە ئاسمانییەکانی لە یەمەن بهێنێت، ئەوە دەکرێت گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لەو وڵاتە دەستپێبکەنەوە.
ھاوكات نووسینگەی مارتین گریفیس بڵاویكردەوە، ئەم گفتوگۆیانە بەشێکن لەو ھەڵمەتە بەرفراوانەی بۆ دانوستان و چارەسەری دۆخی یەمەن و كۆتاییھێنان بە شەڕی شەش ساڵەی نێوان حووسییەكان و ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودیە گیراوەتەبەر.