سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات
K24 - ههولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (9ی شوبات/ فێبرایهری2021)، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لهبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی)، لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە چاکسازی هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە. دووپاتیشی کردەوە، کە چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر درێژەدان بە چاکسازیی کارگێڕی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.
لە کۆبووەنەوەکەدا، عەبدولحەکیم خهسرەو، سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو، پاشان وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەپێی تایبەتمەندی، راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بە ژمارە و زانیاری پێویست پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی رۆتین لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا.
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بڕیاردرا ژمارەیەک راسپاردە بخرێنە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
د.ی