عێراق داهاته‌كانی ناڕوونه‌ و داوای داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

له‌ عێراق (300) ھەزار فەرمانبەری بندیوار ھەیە
داهاتی عێراق ناڕوونه‌
داهاتی عێراق ناڕوونه‌

K24 - هه‌ولێر:

بە گوێره‌ی دەستووری عێراق، ھەرێمی کوردستان مافی ھەیە ھەموو زانیارییەک لەبارەی داھات و خەرجی عێراق و ژمارەی مووچەخۆرانی عێراقەوە بزانێت، بەڵام حکومەتی عێراق بە مەبەست ئەو زانیارییانە نادرکێنێت، لەکاتێکدا داوای ھەموو زانیارییەک لەسەر دۆسیه‌ی نەوت و داھات و ژمارەی مووچەخۆران لە ھەرێمی کوردستان دەکات.

پسپۆڕێکی دەستووری رایگه‌یاند، ئامانجی بەغدا زانینی داھات و گەڕانەوەی ئەو داھاتە نییە بۆ ھەرێم، بەڵکو ئامانجى دەستبەسەرداگرتنی داھاتەکەیە بۆ خۆی و بچوککردنەوەی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش پێچەوانەی سەرجەم بنەما یاسايی و دەستورییەکانه.

دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئەمجارەی شاندی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەردەوام داوای خستنەڕووی زانیاری لەسەر ھەموو ئەو بابەتانە کردووە، کە پەیوەندی بە داھاتی نەوتی و نانەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، لە کاتێکدا بەغدا ئامادە نییە ھیچ زانیارییەکی خۆی بە شاندی ھەرێمی كوردستان بدات و ھەمیشە داتاکانی لەسەر داھاتی عێراق نادرووستن، پسپۆڕێكی دەستوور رایوایە بەغدا سەری لێشێواوە لە بەکارھێنانی دەسەڵاتەکان، بەگوێرەی دەستوور حکومەتی ھەرێمی كوردستان ھێندەی حكومەتی عێراق مافی ھەیە، کە وردەکاری داھات لە عێراق بزانێت، بەڵام لەم بابەتەدا بەغدا دەیەوێت ھەرێمی کوردستان بچووکبکاتەوە و وەک پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

شارەزایانی ئابووری لەگەڵ ئەوەنین ھەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوت و داھات رادەستی عێراق بکات، چونکە بەرپرسانی عێراق خۆشیان نازانن داھاتی عێراق بۆ کوێ دەچێت و دەچێتە گیرفانی کێوە، پسپۆڕێکی ئابووریش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێیوایە حکومەتی عێراق تەنیا لە ناوچەی سەوز حکوم دەکات، ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەر میلشیا و پرسە ئەمنییەکاندا نییە و باشیش دەزانن داھاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق و نەوت و داھاتی ناوخۆی دەچێتە گیرفانی میلشیاکان، بۆیە ھیچ گرنتییەک نییە، کە ئەو داھاتە بۆ ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.

حکومەتی عێراق، لە دانیشتنەکانی لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان داوای داتا و زانیاری لەسەر ژمارەی موچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان و ژمارەی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان و ئەو بوارانەی کە ھەرێمی كوردستان چاکسازی تێدا کردووە، ھەمووی بەداتا و ئامار وەڵام دراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەستوور رێگە بە ھەرێمی کوردستان دەدات زانیاری لەسەر داھات و ژمارەی موچەخۆرانی عێراق ھەبێت، حکومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو زانیارییانە ئاشکرا بکات، بە گوێرەی دواین ئامار، کە تا ئێستا لە بەردەستدایە، تەنیا (40%) فەرمانبەرانی عێراق بە نیشتمانی کراون و (300) ھەزار فەرمانبەری بندیوار ھەیە و تەنیا لە (10%) داھاتی دەروازە سنورییەکان بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، تا ئێستاش نەوتی بەسرە بە قاچاغ ھەناردە دەكرێت و داھاتەكەی بۆ بەسرا ناگەڕێتەوە.

د.ی