بههۆی داڕمانی رەوشی ئەمنی لە كەمپەكانی پەنابەران، داعش ھێرشەكانی لە سووریا چڕ دهكاتهوه

K24 – ھەولێر:
رێكخراوی داعش ھێرشەكانی لە سووریا بۆ سەر ھێزەكانی رژێمی ئەو وڵاتە چڕ كردووهتهوه و نەتەوە یەكگرتووەكان و بەرپرسانی كورد ھۆشداری لە داڕمانی رەوشی ئەمنی لە كەمپی ھۆل دەدەن، كە ئەندامانی خێزانەكانی چەكدارانی داعش دەگرێتە خۆی، دوای ئەوەی له سهرهتای ئهمساڵهوه تا ئێستا 14 كەس لە نێو ئەو كەمپەدا كوژران.
وێڕای ئەو زیانە گەورەیەی دووچاری بوو و كه تهواوی ناوچهكانی ژێر دهسهڵاتی له عێراق و سووریا لهدهستدا، بەڵام داعش ھێشتا ھەڕەشەی راستەقینەیە و شانەكانی ھێشتا چالاكن. ئەو كردەوە و ھێڕشانەی داعش، بەپێی بۆچوونی ژمارەیەك لە شرۆڤهكاران، ئهستهمه ئەو رێكخراوە بهیەكجاری لە ناو بچێت، كە ساڵانێك ترس و تۆقاندنی لە زۆر ناوچەی فراوان لە سووریا و عێراق بڵاوكردەوە.
شەڕی نێوان رژێمی سووریا و داعش
بەگوێرهی ئامارەكانی روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، رۆژی دووشەممە لە ئەنجامی هێرشێكدا بۆ سهر كاروانێكی سەربازی لە چۆڵهوانییهكانی شاری مەیادین لە پارێزگای دێرەزۆر، چهكدارانی داعش (26) ئهندامی ھێزەكانی رژێمی سووریا و چەكدارانی گرووپهكانی سەر رژێمیان كوشتن.
وهك ئهو روانگهیه ئاشكرایكرد، ههر لهو هێرشهدا شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان ھەردوولا روویدا و له ئهنجامدا (11) چەكداری داعشیش كوژران.
لهو كاتهوهی ھێزەكانی سووریا دیموكرات (ھەسەد) لە ئاداری 2019 لەناوبردنی خهلافەتی داعشی له سووریا راگەیاند، چهكدارانی رێكخراوەكە چالاكییهكانیان گواستووهتهوه ناوچه چۆڵەوانییهكانی نێوان پارێزگای حمس (ناوەڕاست) و دێرەزۆر (رۆژەھەڵات) لە نزیك سنووری عێراق خۆیان لە ناوچە شاخاوییەكانی ئهو ناوچهیه پەنادەدەن.
لەگەڵ زیادبوونی ھێرشەكانی داعش لهو چۆڵەوانییانه، ئهو ناوچانه بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادان، داعش لە ھەندێك خاڵی نەپەن ھێرش دەكاتە سەر ھێزەكانی رژێم، ھەرچەندە رووسیا ھێرشی ئاسمانیشیان دەكاتە سەر پێگەكانیان لەو ناوچانە وەك پاڵپشتی لە ھێزەكانی حكومەتی سووریا، كە كێوماڵینی ناوچەكە دەكات، بە ئامانجی سنوورداركردنی ھێرشی جیھادییەكان.
لەسەرەتای ئەم مانگەوه، لە ئەنجامێ ھێرشێكی داعش لە رۆژھەڵاتی حەما (19) كەس لە ھێزەكانی رژێمی سووریا و چەكدارانی گرووپهكانی سهر به رژێم كوژراون، ھەروەھا لە سەرەتای ئەم ساڵدا نزیكەی (40) لەو چەكدارانەی رژێم لە بۆسەیەكی چەكدارانی داعشدا كوژران.
بە پێی داتاكانی روانگەی سووریا، لە ئاداری 2019 زیاتر 1300 كەس لە ھێزەكانی رژێمی سووریا و چەكدارانی سەر بە رژێم لە لایەن داعشەوە كوژراون، ھەروەھا 700 كەس لە چەكدارانی سەر بە داعشیش كوژراون.
10 ھەزار جیھادی
لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە، ئەو چەكدارانەی داعش چالاكییەكانیان زیاتر لەڕێگای بۆمبی چێندراو و گوللـە ئهنجام دهدهن و چەكدارانی ئەو ھێزە یان ئەو كەسە سیڤیلانەی كار بۆ بەرژەوەندی ئیدارەی خۆسەر دەكەن، دهكهنه ئامانج.
23ی مانگی رابردوو، دوو ئافرەت له بەرپرسانی ناوچەیی، دوای رفاندنیان لە ناوچە گوندنیشەكانی باكووری رۆژھەڵاتی دێرەزۆر كوژران و ئیدارەی خۆسەر پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی داعش كرد.
لیژنەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی تایبەت بەرێكخراوی داعش و گرووپە جیھادییەكانی دیكە، لە راپۆرتی ئەم مانگەیدا مەزندەی كردووە، ژمارەی چەكدارانی داعش ئێستا نزیكەی 10 ھەزار كەسی "چالاكن" لە سووریا و عێراق.
گوتیشی: ھەرچەندە زۆرینەی ئەو چەكدارانە لە عێراقن، بەڵام بەھۆی ئەو "فشارە زۆرەی ھێزەكانی ئەمنی عێراق لە سەریانه، وادەكات ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستیەكانی رێكخراوی داعش لەسەر خاكەكەی ئهستهمتر بێت" بە بەروارد لەگەڵ سووریا.
بەپێی راپۆرتەكە، چۆڵەوانییەكانی سووریا لە پارێزگای دێرەزۆر، "پەناگەیەكی ئارامی بۆ چەكدارانی" ئەو رێكخراوە فەراھەم كردووە، كە "پەیوەندییان لەگەڵ كۆمەڵێك تۆڕی قاچاغچی چالاك لەسنووری عێراق" درووستكردووە.
سەربڕین لە كەمپدا
دوای لە ناوبردنی دواین پێگەی رێكخراوی داعش لە گوندی باغۆز لە رۆژھەڵاتی سووریا، ھەسەدە ئەندامانی خێزانه جیھادییەكانی گواستەوە ئەو كەمپانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای حەسەكە، كە دیارترینیان كەمپی ھۆڵە.
كەمپی ھۆڵ، نزیكەی 60 ھەزار كەس دەگرێتەخۆی، 80%ی ژن و منداڵن. لەنێوانیاندا بەھەزاران ئەندامی خێزانە جیھادییەكان ھەن، كه لە بەشێكی تایبەتمەندی كهمپهكه لە ژێر چاودێرییەكی چڕدان.
مانگی رابردوو، نەتەوە یەكگرتووەكان ھۆشداری دا لە تێكچوونی رەوشی ئەمنی كە ھەر لەبنەڕەتدا لە كەمپەكەدا داڕماوە.
بەرپرسی پەنابەران و كەمپەكان لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا، شێخمووس ئەحمەد، رۆژی دووشەممە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاند، "ژمارەی ئەو كەسانەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە نێو كەمپی ھۆڵدا كوژراون، گەیشتووەتە 14 كەس، سێ لەوانە سەریان بڕاوه" و ئەوانی دیكەش بەڕێگای "دەمانچەی بێدەنگ" كوژراون.
نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاند، لە نیوەی یەكەمی كانوونی دووەم، 14 كەس كوژراون، كوژراوەكانیش دەیان عێراقین و چواریان سووریایین، بەپێی قسەكانی ئەحمەد، كە "شانەكانی داعش"ی تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی ئەو كردهوانە بە ئامانجی "نانەوەی پشێوی و ترس".
بەڵام كارمهندێكی بواری مرۆڤی، كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، باسی ناكۆكییە خێڵەكییەكانی كرد، كە لەوانەیە لە پشت ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی ناو كهمپهكه بن.
راپۆرتی لیژنەی ئەنجوومەنی ئاسایش باسی "حاڵەتەكانی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و مەشقكردن و كۆكردنەوە پارە و ھاندان بۆ ئەنجامدانی كردەوەی دەرەكی" لە كەمپەكەدا كرد، كە "ھەندێك لە گیراوەكان.. بەدوا پێگەی خیلافەت"ی داعش دادەنێن.
بەشی تایبەت بە ئافرەتانی بیانی و منداڵەكانیان لە خێزانەكانی چەكدارانی داعش، نزیكەی 10 ھەزار ئافرەت و منداڵ لەخۆ دەگرێت، بەپێی لیژنەكە، "ھەندێك لە منداڵەكان ئاراستە دەكرێن و ئامادە دەكرێن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ببن بە چەكداران"ی رێكخراوەكە.
ھەوڵەكانی ھەڵاتن لە كەمپەكان
ماوە ماوە ھەوڵی ھەڵاتن و راكردن دەدرێت، بەتایبەتی بههۆی "توانای سنووردار" له پاراستنی ئەمن و كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانان لە 1500 پاسەوانەوە لە ساڵی 2019 بۆ 400 پاسەوان لە كۆتایی ساڵی 2020.
بەپێی راپۆرتەكە، تێچووی رفاندن لە كەمپی ھۆڵ لە نێوان 1500 تا 3000 دۆلارە، بەرامبەر بە 14 ھەزار دۆلار لە كەمپی رۆژ، كە ژمارەیەكی كەمتر لەخۆ دەگرێت و لە رووی ئەمنیەوە "توكەمەتر و كارامەترە".
ھەڵوێستی نێودەوڵەتی
ھەسەدە داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار دەكات، ھاووڵاتییانی خۆیان بگەڕێننەوە و دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییكردنی جیھادییەكان دابمەزرێنن. بەڵام زۆر لە دەوڵەتانی ئەوروپا، لە نێویشیاندا فەرەنسا، تەنھا ژمارەیەكی كەمی لە منداڵە بێ دایك و باوكەكانی گەڕاندوونەتەوە.
شارەزایانی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رۆژی دووشەممە داوایان لە 57 دەوڵەت كرد، ھاووڵاتەكانیان لەو كەمپانەی ژێر دهسهڵاتی كوردن، بەبێ دواكەوتن بەگەڕێننەوە وڵاتەكانایان.
سەرچاوە: "فرانس پرێس"