ئێران ناوەندگیری فەرەنسا رەتدەكاتەوە و ھەڕەشەی ھەڵپەساردنی پشكنینی ئەتۆمی دەكات

خەتیب زادە، دەوڵەتە ئەوروپاییەكانی ئەندام لەو رێككەوتنەی تۆمەتباركرد بە پێشلكردنی رێككەوتنەكە
دامەزاوەی ئاراكی ئەتۆمی ئێرانی
دامەزاوەی ئاراكی ئەتۆمی ئێرانی

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیب زادە لە وەڵامدانەوەی خستنەڕووی ناوەندگیری فەرەنسایی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند: "رێككەوتنەكە پێویستیی بە ناوەندگیران نییە".

خەتیب زادە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ دووشەممە، گوتی: "ئەگەر ئەمەریكاییەكان بیانەوێت بە دانایی رەفتار بكەن، ئێمە رێگرییان لێ ناكەین، بەڵكو پێشوازییان لێدەكەین و ھانیان دەدەین".

گوتیشی: رێككەوتنی ئەتۆمی پێویستی بە ناوەندگیران نییە، ھەموو شتێك لەو رێككەوتنامە نێودەوڵەتیەدا تۆماركراوە، تەنانەت لەكاتی داڕشتنی ئەو رێككەوتنە وێرگوڵەكانیشی گفتوگۆی لەسەر كراوە.

خەتیب زادە، دەوڵەتە ئەوروپاییەكانی ئەندام لەو رێككەوتنەی تۆمەتباركرد بە پێشلكردنی رێككەوتنەكە و گوتی: ئەوان ئەو لایەنەن، كە دەبێت بگەڕێنەوە سەر پابەندییەكانیان نەك ئێمە".

گوتیشی: "دەكرێت  ئەوروپا رۆڵێكی مێژوویی و زۆر درووست بگێڕن لە میانی جێبەجێكردنی پابەندییەكان و خۆ دوورخستنەوەیان لەو وێنایەی دەگوترێت، ئەوان دەتوانن كەرەستە فشارییە نامرۆڤایەتییەكانی ئیدارەی ترەمپ درووستیكردن، بەكاریان بھێنن، چونكە ئەو سیاسەتە شكستی ھێنا".

ھەرەوەھا گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتی: "تاران جێبەجێكردنی پرۆتۆكۆڵی پاشبەند ھەڵدەپەسێرێت؛ ئەگەر لایەنەكانی رێككەوتنەكە نەگەڕێنەوە سەر پابەندییەكانیان".

خەتیب زادە جەختیكردەوە لەوەی ئەگەر لایەنەكانی دیكە پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێكرد؛ دەكرێت ئێران لە ھەنگاوە ھەڵچووەكانی خۆی پاشگەز ببێتەوە و گوتی: "ئەگەر لایەنەكانی دیكە پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێنەكرد، بەپێی یاسای پەرلەمانی ئێران لە 21 ئادار، ئێران كردەوەكانی پشكنین ھەڵدەپەسێرێت".

سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، یەكشەممەی رابردوو گوتبووی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سزاكانی سەر ئێران ھەڵناگرێت تا تاران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان بۆ زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی.

ئەم گوتانەی بایدن دوای چەند كاتژمێرێك ھات، لە مەرج دانانی رابەری باڵای ئێرانی، عەلی خامەنەئی بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ رێكەوتنەكە، كاتێك رایگەیاند، دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكان تەواوی سزاكان ھەڵگرێت، بەرامبەر بە گەڕانەوەی تاران بۆ سەر پابەندییەكانی.

سەرچاوە: "العربیة نیت"